رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان رایدەگەیێنێت، پشکنینی چاو و گوێ گرنگترین ئەو پشکنینانەن کە پێویستە بۆ منداڵ بکرێت، لەکاتی دەستپێکردنەوەی قوتابخانەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-9-2026 د. دڵزار ئەدهەم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: ڤیتامین D و زینک گرنگە بۆ ئەوە بزاندرێت رێژەیان لەنێو منداڵاندا چەندە، چونکە ئەگەر کەم بن ئەوا گەشە و توانای زیرەکیی منداڵ کەم دەکەنەوە.
د. دڵزار ئەدهەم دەڵێت: زۆربەکارهێنانی شاشەکان سەرنجی قوتابی بۆ وانەکانی لە ماڵەوە و قوتابخانە کەم دەکاتەوە، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، بەکارهێنانەکان سنووردار بکرێن یاخود منداڵ بە شتی دیکەوە سەرقاڵ بکرێت.
لەبارەی خۆراکەوە ئەو پسپۆڕە روونی کردەوە، ئەو خۆراکانەی پڕن لە پڕۆتین، کاربۆهیدرات و چەورییەکان بدرێن بە منداڵ بەڵام بە رێژەیەکی دیاریکراو، هەروەها ئەو خۆرکانەی پڕن لە ڤیتامینەکان وەکو سەوزە و میوەکان.
پاشانیش باسی هێلکە و گۆشتی کرد کە گرنگە بدرێن بە منداڵ بۆ ئەوەی لە پڕۆتین و ڤیتامینەکان بێبەش نەبێت.
سەرچاوەی ڤیتامینەکان
ڤیتامین A
سەرچاوەکەی (سەوزەوات، شیر، جەرگی ئاژەڵ، هێلکە و رۆنی ماسی)
فرمانی: دژە ئۆکسان، خانەکانی بەرگری دەپارێزێت، رۆلی هەیە لە دروستبوونی خانەکانی خوێن و بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی گەشە)
ڤیتامین B
سەرچاوەکەی (گەنمەشامی، هێلکە، شیر، پەنیر، بادەم و دانەوێڵە).
فرمانی: (بەرهەمهێنانی وزە، گەشەکردن و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە و پاراستنی چاو)
ڤیتامین C
سەرچاوەکەی (لیمۆ، پرتەقاڵ، تەماتە، پەتاتە و مزرەمەنییەکان)
فرمان: بەرهەمهێنانی کۆلاجین و دژەئۆکسان، یارمەتیی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنەکانی ئەدریناڵین و دۆپامین دەدات)
ڤیتامین D
سەرچاوەی تیشکی خۆر و هەندێک خۆراک
پێویستە مرۆڤ رۆژانە بۆ ماوەی 30 بۆ 60 خولەک بچێتە بەرخۆر.
فرمان: دژە شێرپەنجەیەکی بەتوانایە بەهۆی ئەوەی مادەی کالسیترایۆڵ رێگری لە دابەشبوونی ناڕێکی خانەکان دەکات، هەروەها بەرگریی جەستە چالاک دەکات.
ڤیتامین E
سەرچاوەکەی؛ رۆنی رووەک، گوێز، هێلکە، شیر و گۆشت
فرمان: زۆرجار لەنێو کرێمی پێست بەکاردیت، چونکە زوو چاککردنەوەی برینی پیست چالاک دەکات و نیشانەی برین و سووتاوی پێست ناهێڵێت.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)