رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا هۆشداری دەداتە حاجیان کە خۆیان لە نەخۆشییەکی گوازراوە بپارێزن، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت کە چەند تووشبوویێک بە نەخۆشییەکە تۆمارکراون.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، حاجیان ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی پەردەی مێشک هەیە و پێویستە پێش سەردانیان بۆ حەج، ڤاکسینی دژ بە نەخۆشییەکە وەربگرن، تیمی پزیشکیی حاجییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی گوت: سێ جۆر کوتان بۆ سەرجەم حاجییان کراوە کە یەکێکیان دژی هەوکردنی پەردەی مێشکە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تەندروستیی سعودییە داوا لە حاجیان دەکات، کووتانی دژ بە هەوکردنی پەردەی مێشک وەربگرن.
بە گوێرەی CDC، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی دەگمەنە و 10٪ بۆ 15٪ـی تووشبووان گیانلەدەستدەدەن، چونکە نەخۆشییەکە دەبێتەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک و دڕکەپەتن، هەریەک لە نیشانەکانی 'تا، سەرئێشە، رەقبوونی مل، سکچوون، رشانەوە، هەستیاری بە رووناکی و تێکچوونی دەروون' دەکرێت دەربکەون.
ئەم راگەیێندراوەی CDC لە کاتێکدایە کە 10 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکران کە گەشتیان بۆ سعودیە کردبوو.
هاوکات شاندی پزیشکیی حاجییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بە تیمێکی 21 کەسی لە پسپۆڕییە جیاوازەکان چاودێریی تەندروستیی حاجیان دەکەن هەر حاجییەکیش پێش بەڕێکەوتن، سێ جۆر ڤاکسینی وەرگرتووە کە یەکێکیان دژی هۆکارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشکە.
د. دیار ئیبراهیم، سەرۆکی شاندی پزیشکیی حاجییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، حاجییان هەریەک لە ڤاکسینەکانی دژ بە ئەنلفەوەنزا، گوزاز و هەوکردنی پەردەی مێشکیان بۆ کراوە.
دکتۆر دیار دەڵێت: بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەرمانەکان بۆ حاجیان دابیندەکەن و نەخۆشخانەی تایبەتیان دیاری کردووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
