رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک گیانی لەدەستداوە و ژمارەی تووشبووانیش بۆ 26 حاڵەت بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی نیسان، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆی گشتیی تووشبووانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون گەیشتە 26 حاڵەت و ئەمڕۆ تووشبوویەکی دیکەش لە کەرکووک گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی سەیف بەدر، "ژمارەی ئەوانەی ئەم ساڵ بە نەخۆشییەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 4 کەس."
تووشبووەکان لە کەرکووک، زیقار، بەغدا، موسەننا، نەینەوا و بەسرەن.
بەڵام سامان یابە عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، لە رێگەی رووداوەوە رەتیدەکاتەوە هیچ تووشبوویەکی دیکە لە کەرکووک گیانی لەدەستدابێت و گوتی، "ئێمە هیچ حاڵەتێکی مەترسیدارمان نەبووە، ئێستاش تەنیا یەک تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەدا ماوەتەوە و تەندروستیشی باشە."
وەک سامان یابە دەڵێت، لە کەرکووک 5 تووشبوو بەو نەخۆشییە تۆمارکرابوون، سێیان گیانیان لەدەستدا و یەکێکیان نەخۆشخانەی بەجێهێشت، ئەوەی دیکەش تەندروستی باشە.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆى مردنى تووشبووەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ