رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئەم ساڵ 178 تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، 26یان گیانیانلەدەستداوە، لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیش 14 تووشبوو تۆمارکراون، بەڵام هیچیان گیانیان لەدەست نەداوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ 178 تووشبوو بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، 26یان گیانیانلەدستداوە، زۆرینەی ئەوانەشی گیانیانلەدەستداوە هاوشێوەی ساڵی رابردوو، لە پارێزگای زیقاربوون."
ئامارەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بەپێی پارێزگاکان:
- زیقار: 38 تووشبوو، 6 گیانلەدەستدان
- نەینەوا: 25 تووشبوو، 7 گیانلەدەستدان
- بەغدا- رەسافە: 17 تووشبوو، 4 گیانلەدەستدان
- بەسرا: 15 تووشبوو، گیانلەدەستدان نەبووە
- واست: 14 تووشبوو، یەک گیانلەدەستدان
- بابل: 9 تووشبوو، یەک گیانلەدەستدان
- بەغدا- کەرخ: 8 تووشبوو، گیانلەدەستدان نەبووە
- میسان: 8 تووشبوو، دوو گیانلەدەستدان
- دیالە: 7 تووشبوو، یەک گیانلەدەستدان
- موسەنا: 6 تووشبوو
- هەولێر: 6 تووشبوو
- سلێمانی: 3 تووشبوو
- دهۆک: 5 تووشبوو
- کەرکووک: 4 تووشبوو، یەک گیانلەدەستدان
- نەجەف: 4 تووشبوو
- دیوانییە: 4 تووشبوو
- کەربەلا: 3 تووشبوون
- سەڵاحەدین: 2 تووشبوو
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتای رابردوو لە عێراق تۆمارکراوە. سەیف بەدر گوتی: "ئەگەر تووشبوو دوابکەوێت لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە، چارەسەربوونی دوادەکەوێت و مەترسییەکانیشی زیاتر دەبن."
بە گوتەی سەیف بەدر زۆرترین تووشبووی تۆمارکراو لە نێو ئاژەڵدارانە، یان ئەوانەن مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە، وەکو گۆشتفرۆشەکان.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکیی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن. بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ