رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە نرخی نوێی رسووماتی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی جێبەجێ دەکات، نرخی بلیت دەکرێت بە هەزار دینار و شەوێکی مانەوەش دەبێتە 10 هەزار دینار. بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، "بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە."
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی تەندروستیی لەبارەی نرخی نوێی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە ناردووە، داوایان لێدەکات پەیڕەوی نرخی نوێی رسووماتی خزمەتگوزارییەکان بکەن، کە لە رۆژی 1ی ئۆکتۆبەرەوە جێبەجێ دەکرێت.
نرخە نوێیەکان بەشی زۆریان وەکو خۆیان ماونەتەوە، تەنیا نرخی مانەوە لە نەخۆشخانە نەبێت، لە 5000 دینارەوە بۆ 10 هەزار دینار زیادیکردووە.
بەپێی نووسراوەکە نرخە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
1- نرخی سەردانکردن لە بنکەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی: هەزار دینار دەبێت.
2- نرخی سەردانکردن لە نۆرینگەکانی راوێژکاری و نۆرینگەکانی دەرەکی لە نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی پسپۆڕی: سێ هەزار دینار دەبێت.
3- نرخی کڕینی دەرمان (رەچەتەی پزیشکی لە دەرمانخانەکان) لە نۆرینگەکانی راوێژکاری و سەنتەرەکانی پسپۆڕی و سەنتەرەکانی تەندروستی: هەزار دینار دەبێت.
4- سەردانکردنی فریاگوزاری: بێ بەرامبەر.
5- کرێی مانەوە لە نەخۆشخانە گشتی و پسپۆڕییەکان: 10 هەزار دینارە و بۆ یەکجار دەدرێت ئەگەر نەخۆش چەند رۆژیش بمێنێتەوە، لەنێویاندا مانەوە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەری شانە و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
ریاز حلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەتۆڕی میدیایی رایگەیاند، "رێکخستنەوەی نرخی بلیت و رسووماتەکانی تەندروستی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە، چونکە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت دەرمان و پێداویستی زیاتر دابینبکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ