رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی شەنگەهای روجین لە چین نەشتەرگەریی چاندنی ئامێرێک بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی پارکینسن ئەنجامدەدرێت.
پزیشکان تاقیکردنەوەیەک بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە لەسەر تووشبوویێکی 60 ساڵان ئەنجامدەدەن، کە لە ساڵی 2015ـەوە گیرۆدەی نەخۆشییەکە بووە.
دکتۆر لی دیانیو، سەرۆکی پزیشکانی نەشتەرگەریی مێشک و بڕبڕەکانی پشت دەڵێت: ''ئەو کێشەی جل لەبەرکردن و خواردنی هەبوو، هەروەها ئەو دەرمانانەی بەکاری دەهێنان کەمتر لە سێ کاژێر کاریگەریان هەبوو.''
پزیشکان ئامێرێکی کارەبایییان لەنێو جەستەی تووشبووەکە چاند، تاوەکو نیشانە دەمارییەکان چالاکتربن و کۆنتڕۆڵی جووڵەی پەلەکانی کەسی تووشبوو بکات و فەرمانەکانی مێشک تۆماربکات، چونکە دەیانەوێت لەڕێگەی تۆمارکردنی نیشانە دەمارییەکانەوە، دۆخی گونجاو بۆ نەخۆشەکە بدۆزنەوە.
بەڕێوەبەری بەشی نەشتەرگەریی مێشک و بڕبڕەکانی پشت لە نەخۆشخانەکە گوتی، دوای نەشتەرگەرییەکە، دەتوانین دەمارەخانەکانی مێشکی تۆمار بکەین، بەجۆرێک کە بزانین کام دۆخ بۆ ئەو باشترە، بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێت و کاریگەریی دەرمانەکان باشتردەبێت''.
لە چین زیاتر لە سێ ملیۆن تووشبووی پارکینسن هەن، پزیشکان دەڵێن کە نەخۆشییەکە چارەسەری نییە و تەنیا باشترکردنی جووڵەکان یارمەتیی تووشبووان دەدات، بەڵام ئومێدەوارن کۆکردنەوەی تۆمارەکانی مێشک بیانگەیێنێت بە چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە.
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا، گرژبوونی ماسوولکەکان و لەرزین دوو نیشانەی سەرەکیی نەخۆشییەکەن.
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا، گرژبوونی ماسوولکەکان و لەرزین دوو نیشانەی سەرەکیی نەخۆشییەکەن.


