دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا هۆشداری لەبارەی شیری منداڵانەوە دەدات

23-03-2025
لونا خالید
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، چاودێری و پشکنین بۆ کانزا قورسەکان لە شیری منداڵاندا زیاددەکات و پێداچوونەوە بە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەم بەرهەمانە دەکات.
 
رۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا دەڵێت: دەزگاکە کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەرهەمەکانی شیری منداڵان سەلامەت و تەندروستن بۆ ئەو خێزان و منداڵانەی کە پشتیان پێ دەبەستن.
 
ئەم هەنگاوەی دەزگاکە کە ناسراوە بە FDA، هاوکاتە لەگەڵ دۆزینەوەکانی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای Consumer Reports کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، کە لە لێکۆڵینەوەکەدا ماددەی کیمیایی مەترسیداری وەکو ئەکریلامید، ئارسینیک، BPA، قورقوشم و PFAS - لە نزیکەی نیوەی ئەو 41 بەرهەمی شیری منداڵانەی پشکنینیان بۆ کراوە دۆزراونەتەوە.
 
برایان رۆنهۆلم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای Consumer Reports دەڵێت: ئەوان چاوەڕێی بینینی وردەکارییەکانی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی FDA دەکەن.
 
بەپێی WHO، جیاوازییەکانی شیری دایک و شیری قوتوو ئەمانەن؛
 
شیری دایک 
 
1- دژەتەنی تێدایە بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە
2- بە ئاسانی هەرسدەکرێت و قەبزی دروستناکات
3- پڕۆتینەکانی ئاسان هەرسدەکرێن
4- مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری کەمدەکاتەوە
5- سرووشتییە و نابێتەهۆی قەڵەوی
6- بەکتریا سوودبەخشەکانی تێدایە
 
شیری قوتوو
 
1- دژە تەنی تێدانییە
2- زۆرجار هەرسکردنی قورسە و منداڵ تووشی قەبزی دەکات
3- پڕۆتینەکانی بە قورسی هەرسدەکرێن
4- مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری زیاددەکات 
5- دەبێتەهۆی قەڵەوی
6- بەکتریا سوودبەخشەکانی لەنێودا کەمە یاخود نییە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە