رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی گرێبەستێکی 490 ملیار دیناری لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بۆ دروستکردنی 6 نەخۆشخانە و چەند بنکەیەکی تەندروستی لە پارێزگای زیقار کرد.
ئەمڕۆ شەممە 22ی ئاداری 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (CSCEC)ی چینی، تایبەت بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پزیشکی لە پارێزگای زیقار، کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پڕۆژەکە 6 نەخۆشخانە بە توانای 650 قەرەوێڵە لەخۆدەگرێت، بەم جۆرە:
نەخۆشخانەی سەرەکی 200 قەرەوێڵەیی
نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان 100 قەرەوێڵەیی
نەخۆشخانەی تایبەت بە ژنان 100 قەرەوێڵەیی
ناوەندی نەخۆشییەکانی خوێن و چارەسەری شێرپەنجە 100 قەرەوێڵەیی
نەخۆشخانەی تایبەت بە هەناو و کۆئەندامی هەرس 100 قەرەوێڵەیی
نەخۆشخانەی فریاکەوتن 50 قەرەوێڵەیی
ئەوەش جگە لە نۆرینگە راوێژکارییەکان، ناوەندە پسپۆڕییەکان، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، بانکی خوێن کە سەرجەمیان لەنێو ئەو کۆمەڵگە پزیشکییەدا دەبن.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 93 دۆنم و قۆناخی دووەمیش لەسەر رووبەری 39 دۆنم زەوی دروست دەکرێت.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆژەکە بە گوژمەی 490 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، بە زووترین کات دەستی پێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ