بەهۆی بڕیارەکانی ترەمپەوە، هەزاران کەس تووشی لەبیرچوونەوە دەبن

22-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

جەیک هێنریچ بەشداربووی توێژینەوەیەکی 10 ساڵەیە لەبارەی چارەسەری لەبیرچوونەوە، جەیک؛ باوک و برایەکی تووشی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بوون و مردوون، بۆیە توێژینەوەی لەسەر کراوە، چونکە جینی بەرپرس لە تووشبوون بە نەخۆشییەکەی هەیە.
 
بەڵام ئەو خەمیەتی کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، تووشی لەبیرچوونەوە ببێت، چونکە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بودجەی توێژینەوەکە، کە 4 ملیۆن دۆلارە، راگیراوە.
 
جەیک هێنریچ، بەشداربووی توێژینەوەکە دەڵێت: ''زۆرێک لە ساڵانی سەرەتای ژیانم بەسەربردووە، تا دەتوانم چێژ لە ژیان وەردەگرم، چونکە رەنگە رۆژێک تووشی نەخۆشییەکە ببم''.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا کراوە و ئامانجەکە دواخستنی لەبیرچوونەوەیە لەوانەی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زۆرە، چونکە جینی تووشبوونیان هەیە.
 
د. رانداڵ بەیتمان، توێژەر لە زانکۆی واشنتن ئاماژە بەوە دەکات کە ''ئەو کەسانەی جینی بەرپرسی لەبیرچوونەوەیان هەیە؛ 50٪ مەترسیی تووشبوونیان بە نیشانەکان کەمتربووەتەوە، ئەمە واتە ساڵانێک ژیانیان پێدەبەخشرێتەوە بەبێ لەبیرچوونەوە، ئەوان بەشێوەیەکی ئاسایی دەژین و لەڕووی مەعریفییەوە ئاسایین''.
 
ئێستا جەیک لە پەنجاکانی تەمەنییەتی، ئەگەر تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بێت، ئەوا بە ساخی دەمێنێتەوە و ئەگەریش سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا منداڵ و تەنانەت هاوژینەکەی ناناسێتەوە و دەشێت چارەنووسی وەکو هەزاران کەس بێت کە لەو وڵاتە بۆماوەییانە دەشێت تووشی لەبیرچوونەوە ببن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە