رووداو-تەندروستی
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی گۆڤاری (Science) و رێکخراوی (Retraction Watch)، کچێکی تەمەن 6 ساڵان لە چین دوای وەرگرتنی چارەسەرێکی جیناتیی تاقیکاری، گیانی لەدەستدا.
مەی، کە ناوی کچەکەیە، نەخۆشییەکی بۆماوەیی دەگمەنی هەبوو بەناوی "سندرۆمی سنایدەرز بلۆک کامپۆ" کە کاریگەریی لەسەر گەشەی دەماری هەبوو، بەڵام نەخۆشییەکە کوشندە نەبوو، سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیر نەبوو، لە نەخۆشخانەی شینهوا لە چین چارەسەرێکی جیناتیی وەرگرت و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا گیانی لەدەستدا.
زانایان و پزیشکانی پەرەپێدەری چارەسەرەکە، مردنی کچەکەیان رانەگەیاند، ئێستا دوای زیاتر لە ساڵێک، دایک و باوکی چیرۆکەکەیان ئاشکرا دەکەن بۆ ئەوەی کەسانی دیکە رووبەڕووی هەمان چارەنووس نەبنەوە.
خێزانەکەی مەی، لە رێگەی ئۆنلاینەوە زانیارییان لەبارەی زانایەکی دەمارزانی چینی بەناوی زیلۆنگ چیو وەرگرتبوو، کە خاوەنی کۆمپانیایەکی چارەسەری جیناتی بوو، ئەوان بڕی 860 هەزار دۆلاریان بۆ پەرەپێدان و جێبەجێکردنی چارەسەرەکە خەرج کرد، لە کاتێکدا وەرگرتنی پارە بۆ چارەسەرێکی نەسەلمێنراو بەپێی یاسای چین نایاساییە.
پێشتر تاقیکردنەوەی چارەسەرەکە لەسەر ئاژەڵ زیانی بە جگەر و گورچیلە گەیاندبوو، بەڵام لیژنەی ئەخلاقیی نەخۆشخانەکە بەبێ پێداچوونەوە بەو ئامارانە، رەزامەندیی لەسەر چارەسەرییەکەی مەی دابوو.
دوای رووداوەکە، نەخۆشخانەکە بە بڕی نزیکەی 3,600 دۆلار سزادرا، هەروەها زاناکە توێژینەوەکەی لە گۆڤاری (Nature) بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی تاقیکردنەوەکانی سەر ئاژەڵانی کردبوو، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە گیانلەدەستدانی مەی یان وەرگرتنی پارە لە خێزانەکەی بکات.



