رووداو - تەندروستی
وەزارەتی بازرگانیی عێراق تایبەت بە رووداو رایدەگەیێنێت، ساڵانە 800 بۆ هەزار تۆن شەکری سپی بۆ هاووڵاتییان دابیندەکەن، واتە هەر تاکێکی عێراقی ساڵانە نزیکەی 23 کیلۆگرام شەکری سپی دەخوات.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد، ساڵانە عێراق 800 بۆ ملیۆنێک تۆن شەکر بۆ هاووڵاتییان دابیندەکات، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە هیچ بڕێکی شەکری سپی هاوردەی عێراق ناکەن.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەگەر کۆی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن و 424 هەزار کەس بێت و ساڵانە ملیۆنێک تۆن شەکر بەکاربهێنن، ئەوا لە ساڵێکدا هەر کەسێک 23 کیلۆگرام شەکر بەکاردەهێنێت.
هەر بەپێی ئەو بەدواداچوونە، لە مانگێکدا هەر تاکێکی عێراقی نزیکەی دوو کیلۆگرام شەکر بەکاردەهێنێت و لە رۆژێکیشدا نزیکەی 63 گرام شەکر دەخوات، ئەمە جگە لەوەی کە شەکری سپی دەشێت لەنێو خۆراکەکانی دیکەشدا بەشێوەی ون هەبێت وەکو 'برنج، نان، سەموون، کێک و چەندان خۆراکی دیکە'.
بە گوێرەی دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا، هەر کەسێک پێویستە کەمتر لە 36 گرام شەکر بخوات لە رۆژێکدا، واتە نزیکەی نۆ کەوچکی چا، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تاکی عێراقی رۆژانە دوو ئەوەندە زیاتری ئاستی ئاسایی شەکری سپی بەکاردەهێنێت.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)