رووداو - تەندروستی
سەرۆکایەتیی سووریا تووشبوونەوەی خانمی یەکەمی وڵاتەکەی بە شێرپەنجە رادەگەیێنێت و شێرپەنجەکەی ئەمجارەی یەکێکە لە کوشندەترین شێرپەنجەکان.
سەرۆکایەتیی سووریا دەریدەخات، ئەسما ئەسەد، هاوژینی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە لە جۆری AML، تەنانەت باس لەوەشدەکات، خانمی یەکەمی سووریا بەهۆی چارەسەرەکانەوە ماوەیەک لە کارەکانی دووردەکەوێتەوە.
حکومەتی سووریا ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەسما ئەسەد لە ساڵی 2018 تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و لە 2019 نەشتەرگەریی مەمکی بۆ کراوە، ئێستاش بە تووشبووی شێرپەنجەی خوێن دەستنیشانکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی شێرپەنجەی خوێنی جیهانی، شێرپەنجەی خوێنی جۆری AML زۆرترین رێژەی کوشندەیی هەیە بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجەی خوێن کە تەنیا لە ئەمریکا لە 2020 زیاتر لە 20 هەزار تووشبووی نوێ تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش نیوە زیاتریان گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، شێوازی ژیانی ناتەندروست وەکو 'خواردنی خۆراکی ناتەندروست، کێشانی جگەرە و نێرگەلە و خواردنەوەی کحول' دەشێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیادبکەن، هەروەها ئەوەش دەردەخات کە پیاوان بە رێژەیەکی زیاتر تووشی شێرپەنجەکە دەبن.
کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو کەسانەی چارەسەر بە تیشک یاخود چارەسەری کیمیایی وەردەگرن بۆ چارەسەری شێرپەنجە، دەشێت گرووپی مەترسیداربن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن کە ئەمەیان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دووبارە تووشبوونەوەی خانمی یەکەمی سووریا بە شێرپەنجە.
رێگەکانی پێشگیریکردنیش بریتین لە؛ خواردنی سەوزە و میوە، دوورکەوتنەوە لە هەریەک لە جگەرە، نێرگەلە و کحول، وەرزش و جووڵەی رۆژانە و کێشڕێک، پاشانیش دوورکەوتنەوە لە تیشکە زیانبەخشەکان.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
