لە سوودان کۆلێرا بە تووندی بڵاودەبێتەوە؛ زیاتر لە 70 کەس گیانیان لەدەستداوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تەندروستیی سوودان رایدەگەیێنێت، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نەخۆشیی کۆلێرا بە چڕی بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە 354 تووشبوو تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 22ـیان گیانیان لەدەستداوە.
 
هەیسەم محەممەد، وەزیری تەندروستیی سوودان ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی تەممووز 78 کەس بە کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام رێژەکە لە دوو هەفتەی رابردوودا زۆر بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشیی کۆلێرا هەوکردنێکی بەکتریایی گوازراوەیە و خواردنی خۆراک و ئاوی پیسبوو سەرەکیترین رێگەی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیە، ئەگەر چارەسەرنەکرێت، دەتوانێت نەخۆشەکە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بکوژێت. 
 
هەیسەم محەممەد دەڵێت: ''بەهۆی لافاوەوە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خاوێن کەمبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە کۆلێرا زیاتر بڵاوببێتەوە''.
 
ئەو وڵاتانەی بەدەست ململانێ، هەژاری و کارەساتە سرووشتییەکانەوە دەناڵێنن، زۆرترین مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆلێرایان لەسەرە، چونکە ئاوی پاک و ئامرازەکانی پاککردنەوەی گونجاویان دەستناکەوێت. 
 
دواین ئاماری رێکخراوەکە دەریدەخات، لە ساڵی 2023، زیاتر لە 700 هەزار تووشبوو بە نەخۆشییەکە تۆمارکراون و ئێستا لە 23 وڵات نەخۆشیی کۆلێرا بڵاوە هەر یەکە لە وڵاتانی کۆماری کۆنگۆ، ئەسیوپیا، مۆزەمبیق و زامبیا زۆرترین رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان تێدا تۆمارکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە