دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی عێراق نۆیەمین خۆپێشاندانیان ئەنجامدا؛ داوای دامەزراندن دەکەن

دوێنێ کاژێر 12:15
شکار رێبوار
خۆپێشاندانی دەرچووە پزیشکییەکان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق. وێنە: رووداو
خۆپێشاندانی دەرچووە پزیشکییەکان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نۆیەمین خۆپێشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی عێراق بەڕێوەچوو، خوێندکارێک دەڵێت، بە یاسا دەبێت هەموویان دابمەزرێن، بەڵام تائێستا نزیکەی 30 هەزار دەرچوو چارەنووسیان دیارنییە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی ئابی 2024 لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی بەغدا دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن، بە گوتەی هەڵکەوت عەزیز لە بەغدا، لە درێژەی زنجیرە خۆپێشاندانەکاندا رووبەڕووبوونەوەی تووند لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەو دەرچووانە روویداوە و چەند بریندارێکیش هەبوون.
 
لەنێو خۆپێشاندانەکان دەرچووانی زانکۆ پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە کە دانیشتووی ناوچە دابڕێنراوەکانن؛ یەکێکیان کە پزیشکی ددانی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی تەواوکردووە بە رووداوی گوت، ''مافی خۆمە دابمەزرێم، چونکە بەپێی یاسای عێراقی دەبێت هەر دەرچوویێکی بەشی پزیشکی راستەوخۆ دابمەزرێت''.
 
خوێندکاران ناڕازین لەوەی کە نە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و نە وەزارەتی دارایی عێراق نایەن بە دەم داواکانیانەوە، خانمە دەرچوویەکی پزیشکی دەڵێت: حکومەتی عێراق یاسای دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان جێبەجێ ناکات و لە 2023ـەوە هەموو دەرچوویەک دانامەزرێنێت.

 
ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا بە رووداوی راگەیاند:"57 هەزار دەرچووی ساڵی خوێندنی 2022-2023ـی کۆلێژ و بەشە پزیشکییەکان لە عێراق هەیە، لەو ژمارەیە وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی تەنیا 29 هەزار کەس داوە."
 
بەپێی ئەو پەرلەمانتارە، عێراق پێویستی بە دامەزراندنی بەشێک لەو دەرچووانەی کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان و  هی دیکە نییە، ئەو گوتی:"وەکو دامەزراندن عێراق پێویستی بە دامەزراندنی ئەوانە، بەڵام ساڵانە دەیان هەزاریان لێ دەردەچێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە