خاوەنی تاقیگەیەک لە دهۆک: نرخەکانمان نیو ئەوەندەی ئەو نرخانەیە کە وەزارەت دایناون

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

خاوەنی تاقیگەیەک لە دهۆک دەڵێت: بە نیوەی ئەو نرخانەی لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆیان دانراوە، پشکنین بۆ خەڵک دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 20ـی تەممووزی 2024 دیار جەعفەر، خاوەنی تاقیگەیەک لە دهۆک لە بوولتەنی کاژێر 13:00 بە رووداوی گوت، تاقیگە پزیشکییە تایبەتییەکان بەراورد بە تاقیگە حکومییەکان هەمان کوالێتییان هەیە، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە بەشێک لە تاقیگەکان رێککەوتنیان لەگەڵ دکتۆرەکان هەیە.
 
لە بەشێكی قسەکانیدا باسی تاقیگە حکومییەکان دەکات و دەڵێت: ئەو کارمەندانەی لە تاقیگە تایبەتییەکاندا کاردەکەن، ئەوانەن کە لە تاقیگە حکومییەکانن و هەمان کوالێتیی کارکردن و کەرستەی پشکنینیان هەیە.
 
دیار جەعفەر دەڵێت: ''پشکنینێکی گشتی کە کۆمەڵێک پشکنینی دیاریکراو دەگرێتەوە، لە وەزارەتەوە 120 هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام ئێمە بە 60 هەزار دینار بۆ نەخۆشی دەکەین، تاوەکو هاوکاری خەڵک بکەین''.
 
بە گوتەی دیار جەعفەر، دەستکاری ئەو نرخانە دەکرێت کە لەلایەن وەزارەتەوە دیاری کراون، جا چ بەرزی بکەنەوە چ نزم، بەڵام لەبارەی ئامێرە تاقیگەییەکانەوە دەڵێت: ''هەر ئامێرێک و کەرستەیەکی تاقیگەیی پێویستە بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێبپەڕێت، ئینجا بەکاربێت''.
 
لە هەرێمی کوردستان نرخی پشکنینە تاقیگەییە پزیشکییەکان رێک نەخراوە و ئەمەش کێشەی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە.
 
لە بەدواداچوونێکی رووداو دا دەرکەوت، تەنیا چوار پشکنین لە تاقیگەیەک 103 هەزار دینار بوو، بەڵام لە یەکێکی دیکە 27 هەزار دینار، کاتێک ئەنجامەکانیش پێشانی پزیشکێکی پسپۆڕ درا، هەمان ئەنجامیان هەبوو بۆ دەرکەوتنی بارودۆخی نەخۆشەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە