رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە نەرویژ دەریدەخات، وەرزشکردن لەنێو ئاودا یارمەتیی نەخۆشانی شەکرە دەدات لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەیان و بەهێزکردنی ماسوولکەکان لە بەساڵاچوواندا.
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆسلۆ لە نەرویژ کاریگەرییەکانی وەرزشی نێوئاو تاقیکرایەوە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، سوودی زۆری دەبێت بۆ باشترکردنی تەندروستی بەگشتی و بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشییە درێژخایێنەکانیان هەیە، لەنێویشیاندا نەخۆشیی شەکرە.
بە گوتەی توێژەران، ئەوانەی ناتوانن چالاکیی جەستەیی لەسەر وشکانی ئەنجامبدەن، بەهۆی هەر هۆکارێک بێت، بەتایبەت ئەوانەی تووشبووی هەوکردنی جومگەکانن، دەتوانن لەناو ئاودا هەمان وەرزش ئەنجامبدەن.
ئەم تەکنیکە لە ئوسترالیا و نیوزیلاند بەکاردەهێندرێت، کۆمەڵەی چارەسەری سرووشتیی ئوسترالیا دەڵێت، وەرزش لەنێو ئاو بۆ ئەوانەی ناتوانن هاوسەنگیی جەستە بپارێزن سەلامەتە، تاوەکو دووچاری هیچ زەبرێک نەبنەوە.
''دەکرێت بەبێ ئەوەی مەلەکردن بزانیت، سوود لە نێو ئاو وەربگریت''
لەبارەی سوودەکانی وەرزشی نێوئاو، راهێنەرێکی وەرزشی لە دهۆک چەند شێوازێکی وەرزشەکە رووندەکاتەوە کە دەکرێت هەر یەکێک ئەنجامی بدات.
وەعد جاسم، راهێنەرێکی وەرزشییە و خەڵکی دهۆکە، دەڵێت: مەرج نییە ئەوانەی مەلە نازانن ئیدی نەتوانن سوود لە نێوئاو وەربگرن، دەشڵێت: تووشبووانی هەوکردنی جومگەکان زیاتر سوود لە وەرزشەکە وەردەگرن.
بە گوتەی وەعد جاسم، رێکردن لەنێو ئاو باوترین وەرزشی نێو ئاوە و پێشنیازدەکات، پێش مەلەکردن نزیکەی 15 خولەک وەرزشی نێوئاو بکرێت.

