رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کێشەی بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 70٪ـی ئەو دەرمانانە لە بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کەمیکردووە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگاکەش هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
مام ئەمیری تەمەن 68 ساڵ لەگەڵ مام ئیبراهیمی تەمەن 64 ساڵ تووشبووی نەخۆشی شەکرە، گوشاری خوێن و چەوری بوون؛ پێنج مانگە حەبی شەکرەیان وەرنەگرتووە.
مام ئیبراهیم دەڵێت، "چەند جارێکە دێم تاوەکو دەرمان وەربگرم هەر دەلێن نییە. ئەوە پێنج مانگە دەرمانم وەرنەگرتووە."
ئەمیر باپیر نەخۆشێکی دیکەیە و دەڵێت، "ماوەیەکە دەرمان کەمبووە، مانگێک هەیە دوو مانگ نییە، هەندێک لە دەرمانەکان هەر لە مێژە نەماون."
لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 70٪ـی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کەمبوونەتەوە، بەجۆرێک ئێستا بەشێک لە دەرمانەکان هەر نەماون.
دکتۆر سەیفەدین محیەدین، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی کوردستانە لە هەولێر و دەڵێت، "دەرمانەکانی شەکرە بۆ پێش نانخواردن و دوای نانخواردن نەماون، دەرمانی چەوری نییە و دەرمانی نەخۆشییەکانی دڵیش نەماوە."
جگە لە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، دەرمانی بەشێک لە نەخۆشییەکانی دیکەش کەمیکردوون. کارگێڕیی بنکەی تەندروستیی دکتۆر نافع ئاکرەیی تەنیا بۆ پێویستی دوو هەفتە بە لیستێک داوای 22 جۆر دەرمانی کردووە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 9 جۆر دەرمانیان بۆ دابینکراوە.
دکتۆر نەوشاد نەوزاد، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی دکتۆر نافع ئاکرەیی دەڵێت، "لیستمان بۆ وەرگرتنی دەرمانکردووە هەموو دەرمانمان بۆ نەهاتووە بەشی هەفتەیەک دێت و سێ هەفتە بێ دەرمان دەبین."
بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان. لەو بارەیەوە، دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر دەڵێت، "دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بەغدا دەینێرێت لەگەڵیان لەسەر هێڵین تاوەکو بۆ نەخۆشەکان بینێرن."
کەمی و نەبوونی دەرمان کێشەی چەند ساڵەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستانە؛ کێشەیەک کە وەزارەتی تەندروستی هۆکارەکەی بۆ نەناردنی پشکی 17٪ی دەرمان لەلایەن بەغدا دەگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ