رووداو - تەندروستی
گەورەترین یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: ''کردنەوەی یەکەکە کارێکی پڕبایەخە، چونکە نرخی تەختەکانی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆرە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئابی 2023 یەکەیەکی 20 تەختیی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی کرایەوە. د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، خەرجی شەوێك لە چاودێریی چڕ لە کەرتی تایبەت لە 500 هەزار تاوەکو سێ ملیۆن دینارە، بۆیە زۆربەی هاونیشتمانییان توانایان نییە منداڵەکانیان ببەنە یەکەکانی چاودێریی چڕی نەخۆشخانە تایبەتەکان.
د. سەباح ئاماژەی بە ژمارەی کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی کرد و گوتی، ''لە سلێمانی پێویستمان بە 36 هەزار کارمەندی تەندروستییە، بەڵام ئێستا 14 هەزار کارمەند و پزیشک هەن''، واتە پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 22 هەزار کارمەندە.
هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە پارێزگاکە تەنیا 25 بۆ 35 تەختی یەکەی چاودێریی چڕ هەن، داواش لە وەزارەتی تەندروستیی دەکات ئەو نەخۆشخانەی لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە کراونەتەوە، سەرمایەی مرۆییان بۆ دابینکرێت.
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان لەم بارەیەوە گوتی، یەکە نوێیەکەی چاودێریی چڕ، 20 تەخت لەخۆدەگرێت و دوای تەواوبوونی خولی تایبەت بە چاودێریی چڕ بۆ کارمەندەکانمان، یەکەکە دەستبەکاردەبێت.
د. پشدەر عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو کە تەختەکانی یەکەی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا گرانن، بۆیە زۆرینەی دایک و باوکان ناتوانن منداڵەکانیان بە بارودۆخێکی مەترسیداریشەوە، ببەن بۆ ئەو یەکانە.

