رووداو - تەندروستی
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کەموکورتی لە خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی و چارەسەرییەکانی دداندا هەیە و بە ''قەیرانێکی تەندروستی'' ناوی دەهێنێت.
بێرنی ساندێرس، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ملیۆنان کەس توانایان نییە دەستیان بە چارەسەرەکانی دەم و ددان بگات، بەهۆی گرانیی نرخەکانەوە، هەروەها ئەوەش دەڵێت، ناوچە دوورەدەستەکان و هەژارنشینەکان نۆرینگەی پزیشکی ددانیان تێدانییە.
بێرنی ساندێرس دەڵێت: ''40٪ـی منداڵانی ئەمریکا تاوەکو دەگەنە باخچەی ساوایان، ددانەکانیان خراپبووە و زۆرینەی خێزانەکانیش ناتوانن پارە بە چارەسەرییەکانی ددان بدەن''.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومی پیرانی ئەمریکا گوتی، تاوەکو ئێستا چاودێریی ددان نەبووەتە بەشێک لە چاودێریی تەندروستی و هەر بۆیە لەمەودوا بە یاسا خزمەتگوزارییەکانی ددانسازی بەسەر خەڵ و تەندروستیی ویلایەتەکاندا دەسەپێنن.
بەشێکی ئەو ئامانجانەی کە ئەنجوومەنی پیران بۆ زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەریی ددان هەیەتی ئەمانەن؛
- زیادکردنی ژمارەی پزیشکانی ددان لە ئەمریکا.
- هۆشیارکردنەوەی زیاتری خەڵک بۆ پاکڕاگرتنی ددانەکانیان.
- زیادبوونی نۆرینگەکانی چارەسەرکردنی ددان.
- راهێنانی زیاتر بە پزیشکانی تازەدەرچووی ددان و دامەزراندنیان لە شوێنە دوورەدەستەکان و ئەو شوێنانەی خزمەتگوزاریی تەندروستییان تێدا کەمە.
بە گوێرەی ئامارێکی 2023ـی دامەزراوەی پزیشکانی ددان لە ئەمریکا، 60.4 پزیشکی ددان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک هەیە.
هەروەها لە ساڵی 2019، زیاتر لە دوو ملیۆن ئەمریکی بەهۆی ئازاری ددانەوە لە بەشەکانی فریاکەوتن تۆمارکراون کە ئەم ژمارەیە 62٪ زیاترە بەراورد بە ساڵی 2014، تەنانەت بە گوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکەش، بەهۆی گرانیی نرخەکانەوە لە ساڵێکدا 490 هەزار ئەمریکی چوونەتە مەکسیک بۆ چارەسەری کێشەکانی ددانیان.


