رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی منداڵان رایدەگەیێنێت، کوتان منداڵ لە چەندین نەخۆشی و نیشانەی تووندی نەخۆشییەکان دەپارێزێت کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیانی، بەتایبەت ڤاکسینە رۆتینییەکان کە بەپێی خشتە دانراون. دۆخی ئێستای تووشبووانی سوورێژەش باس دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2026 د. لاولاو فارووق زادە، پسپۆڕی نەخۆشی و گەشەی منداڵان لە بووڵتەنی تەندروستی کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: ڤاکسین وا لە بەرگریی جەستە دەکات، نەخۆشییەکان بە سووکتر بگرێت یاخود هەر نەیانگرێت. ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژیانە بەتایبەت دژی نەخۆشییە ڤایرۆسییە مەترسیدارەکان.
د. لاولاو زادە دەڵێت: هەر منداڵێک دوای لەدایکبوون دەبێت ژەمەکانی کوتانی بۆ بکرێت و دەستپێبکرێت بە کوتانی بەپێی مانگ و کاتی دیاریکراو. ئەم ساڵ بەتایبەت لە شاری هەولێر سوورێژە بە چڕی بڵاو بووەتەوە بەتایبەت لەنێو منداڵاندا. د. لاولاو ئاشکرای دەکات، لە کلینیکەکان ئەو منداڵانە دەبینن کە سوورێژەیان بە تووندی گرتووە و کە لێیان دەکۆڵنەوە، هی ئەوە بووە کە ڤاکسین نەکراون.
ئەو پسپۆڕە لەبارەی سوورێژەوە گوتی: نەخۆشییەکی قورسە و نیشانەکان رەنگە 7 بۆ 10 رۆژ بخایەنێت و دەکرێت منداڵەکە تووشی هەوکردنی تووندی سییەکان، گوێ و پەردەی مێشک بن، هەر بۆیە رەنگە بەهۆیانەوە گیانلەدەستبدەن.
کوتان، منداڵانی کوردستان لەم نەخۆشییانە دەپارێزێت
- سوورێژە
- ئیفلیجیی مێشک
- دڕکە و مێکوتە
- گزاز
- هەوکردنی تووندی پەردەی مێشک
- ئەنفلەوەنزا
- ڤایرۆسی پاپیلۆما [شێرپەنجە]
- هەوکردنەکانی جگەر
- کۆکە رەشە
- ملەخڕێ
- ئاوڵە
- هەوکردنی تووندی سییەکان [نیومۆکۆکاڵ]
- ڤایرۆسی شینگڵ
- سیل
- کۆلێرا
خشتەی کوتانی نیشتمانی بۆ منداڵان بەم شێوەیەیە؛
دوای 24 کاژێر لە لەدایکبوون؛
- ڤاکسینی هەوکردنی ڤایرۆسی جۆری B
لە تەمەنی هەفتەی یەکەم؛
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەم]
- ڤاکسینی دژەسیل
لە تەمەنی دوو مانگ؛
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان [بە دەم]
- ڤاکسینی پێنجی HepB, Hib, DPT
- ڤاکسینی نیومۆکۆکاڵ
- ڤاکسینی دژەرۆتا ڤایرەس
لە تەمەنی چوار مانگ
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەم]
- ڤاکسینی پێنجی HepB, Hib, DPT
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەرزی]
- ڤاکسینی نیومۆکۆکاڵ
- ڤاکسینی دژەرۆتا ڤایرەس
لە تەمەنی شەش مانگ
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەم]
- ڤاکسینی پێنجی HepB, Hib, DPT
- ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵ [بە دەرزی]
- ڤاکسینی نیومۆکۆکاڵ
- ڤاکسینی دژەرۆتا ڤایرەس
لە تەمەنی نۆ مانگ
- ڤاکسینی سوورێژەی تاک
- ڤیتامین A بە یەکەی 100 هەزار
لە تەمەنی 12 مانگ
- ڤاکسینی سوورێژەی تێکەڵ
لە تەمەنی 18 مانگ
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان [دەم]
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی سیانی
- ڤاکسینی سوورێژەی تێکەڵ
- ڤیتامین A بە یەکەی 200 هەزار
لە تەمەنی 4 تاوەکو 6 ساڵ
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان [دەم]
- ژەمی چالاککەری ڤاکسینی سیانی
- ڤیتامین A بە یەکەی 200 هەزار

