رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە هۆڵەندا دەریخستووە، ئەوانەی شەکرەیان هەیە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئەڵزهایمەر دوو هێندە زیاترە.
توێژینەوەکە، لە زانکۆی رۆتەردام بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر شەش هەزار کەسی سەروو تەمەن 55 ساڵ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، بەرزیی رێژەی شەکر لە مێشکدا دەبێتە هۆی تێکشکانی خانەکانی دەمار و نیشتنی پڕۆتینی ئەمایلۆید لە مێشکدا، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە ئەڵزهایمەر.
د. شانۆن مەکاولی، کە پسپۆڕی زانستی مێشک و دەمارە لە زانکۆکە دەڵێت: "نەخۆشیی شەکرە تەنیا کاریگەریی نەرێنی لەسەر دڵ نییە، بەڵکو مەترسیی دەخاتە سەر کۆئەندامی مێشک و دەمار، تێکچوونی زیندەچالاکییەکانی مێشک، کەمبوونەوەی توانای مێشک و ئەڵزهایمەر''.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوەدەکات، ساڵانە 1٪ـی هاووڵاتییانی عێراق بەهۆی نەخۆشیی ئەڵزهایمەرەوە دەمرن، کە دەکاتە زیاتر لە دوو هەزار و 400 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ساڵێکدا، ئەمەش عێراق دەخاتە ریزبەندی 66ـەمین وڵات لە جیهاندا کە زۆرترین رێژەی مردنی بەهۆی نەخۆشییەکەوە تێیدا تۆمار کراوە.


