رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان تایبەت بە رووداو رایدەگەیێنێت، قەڵەوی هۆکاری بەربڵاوی نێو تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەیە لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێشیش دەڵێت: کاریگەرییان هەیە، بەڵام دەبێت بە چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ بەکاربهێندرێن.
لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شەکرە '14ـی تشرینی دووەمی 2023' د. یوسف بەهائەدین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە پانێڵێکی تایبەت بە رۆژەکە لە هەولێر رایگەیاند، زۆرینەی ئەو هۆکارانەی کە لەنێو تووشبووانی شەکرە هەن لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کە شێوازی ژیانی ناڕێکییان هەیە و زۆرینەیان قەڵەون.
د. یوسف بەهائەدین ئەنجامی توێژینەوەیەکیان ئاشکرادەکات و دەڵێت: ''بۆمان دەرکەوتووە کە لە 10 تووشبووی نەخۆشیی شەکرە، چواریان دەرمانەکان بە رێکوپێکی بەکارناهێنن''، ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: بەشێکی زۆریان بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک واز لە دەرمانەکانی شەکرە دەهێنن و بەشێکی دیکەشیان بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووریان نایکڕن.
د. یوسف بەهائەدین هۆشداریدەدات، وازهێنان لە دەرمانەکانی شەکرە، پاشهاتی مەترسیداری دەبێت و دەشێت نیشانەکانی نەخۆشییەکە زیاتر بکات، بەجۆرێک کۆنتڕۆڵنەکرێت و ببێتەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکان.
د. یوسف گوتی، ئەو دەرمانانەی بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردێن پێویستە لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بن، چونکە هەڵە لە بەکارهێنانیان وادەکات کەسەکە دووچاری ناڕێکیی هۆرمۆنەکانی و چەندنین کێشەی دیکە ببێت.
هەروەها گوتیشی، ''پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێک بۆ دابەزاندنی کێش، پێویستە پەیڕەوی شێوازی ژیانی تەندروست بکرێت و بە وەرزش و خۆراکی تەندروست کێش داببەزێت، چونکە هیچ دەرمانێک کاریگەریی لاوەکی نییە.
دکتۆر موهەنەد عومەر، پزیشکی دەرمانساز پشتڕاستی دەکاتەوە، بەکارهێنانی هەر دەرمانێک پێویستی بە راوێژی پزیشک هەیە و چەند دەرمانێکی کێشدابەزاندن هەن کە دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن و قەڵەویش.
لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە، رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی هەر ساڵێک بە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شەکرە دانراوە، کە ئامانج تیایدا بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستییە بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

