رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار دەڵێت: هۆکاری ئەو ناڕێکییانەی جۆ بایدن هەیەتی لە هزر، بیرکردنەوە و قسەکردن بەهۆی تەمەنیەوەیەتی.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی شوباتی 2024 د. رزگار حامد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە زیاددەبێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، چەند جارێکە لە پەخشی راستەوخۆدا و لەپێش چەندان هاووڵاتی و رۆژنامەڤان چەند نیشانەیەکی دیاری لێدەرکەوتووە کە بەربڵاوترینیان 'تێکەڵکردن و لەبیرکردنی وشە، لەرزینی دەستەکان و ناڕێکی لە رێکردن'، د. رزگار حامد دەڵێت: ئەو دۆخەی ئەو هەیەتی بەهۆی بەساڵاچوونیەوەیەتی.
بە گوتەی د. رزگار، ئەو کەسانەی کە تووشی لەبیرچوونەوە دەبن خۆیان هەست بە نەخۆشییەکە ناکەن و زۆرجار بیرچوونەوەی وشەکان هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ خەمۆکی بەتایبەت لەنێو گەنجان.
ئەو پسپۆڕەی مێشک و دەمار هۆشداریدەداتە گەنجان کە کەمیی ڤیتامینەکان، ناڕێکیی خەو، گوشاری دەروونی و خەمۆکی ئەگەری لەبیرچوونەوە زیاددەکەن و توانای مێشک بۆ یادگەی ماوە کورت کەمدەکەنەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی راوێژکاریی وەزارەتی دادی ئەمریکا، تەندروستیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باش نییە و بە شیاوی سەرۆکایەتیی نازانێت.
راپۆرتەکەی راوێژکاریی وەزارەتی دادی ئەمریکا کە تایبەت بوو بە تەندروستیی بایدن دەڵێت: ''بایدن پیاوێکی بەتەمەنی خاوەن بیروهۆش لاوازە''.
هێشتا کاردانەوە لەسەر ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دادی ئەمریکی بەردەوامە و میدیای ئەمریکی بەوردی سەرنجی لەسەر شێوازی رۆیشتنیەتی و دەڵێن، ''پیاوێكی 81 ساڵەی بەساڵاچووە کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی پێیەکانی بکات''.
لە نوێترین راپرسیدا دەرکەوتووە 76٪ی دەنگدەرانی ئەمریکی لە جەستە و هۆشی بایدن نیگەرانن.
کیڤن ئۆکۆنەر، پزیشکی تایبەتی جۆ بایدن دەڵێت: بایدن هیچ کێشەیەکی هزری و مێشکی نییە و تەندروستی باشە بۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتیی داهاتوو.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، پێنج ملیۆن و 800 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشبووی ئەلزەهایمەرن کەباوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە.
بە گوێرەی CDC، هەریەک لە هۆکارەکانی 'خواردنەوەی کحول، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، کەمیی ڤیتامین D، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، خەمۆکی، قەڵەوی و تەمەن' دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە.
.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
