دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەرمانێکی نوێ بۆ ئەلزەهایمەر پەسنددەکات

12-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا کاریگەرییەکانی دەرمانێکی نوێ دژی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر ئاشکرادەکات و گڵۆپی سەوز بۆ پەسندکردنی دادەگیرسێنێت، چونکە ''دوو ئەوەندە نیشانەی نەخۆشییەکە دوادەخات''.
 
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەرمانی دۆنانێماب donanemab سەرەڕای چەند کاریگەرییەکی لاوەکی، دەشێت بۆ چارەسەر و پێشگیری لە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بەکاربێت، ئەمەش دوای ئەوەدێت لەپانێڵێکی دەزگاکەدا سوود و زیانەکانی دەرمانەکە ئاشکراکران.
 
بە گوێرەی ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەر دەرمانەکە کراون، هەر بەساڵاچوویێک لە ماوەی ساڵ و نیوێک دەرمانەکەی بەکارهێنابێت، ئەوا 37٪ مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە و بەتایبەتیش ئەلزەهایمەری لەسەر کەمبووەتەوە.
 
دەزگاکە ئاماژە بەوەشدەکات، دەرمانەکە لە هەندێک بەکار‌هێنەر هەڵئاوسان و خوێنبەربوونی مێشکی دروستکردووە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، ''تادێت ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکە بەرزدەبێتەوە و کارکردن لەسەر دەرمانی نوێ ئومێدێکی مەزنە بۆ پێشگیری لە زیادبوونی نەخۆشییەکە''.
 
خوان پایک، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی ئەلزەهایمەر دەڵێت: دەرمانە نوێیەکە لەسەر خانەکانی ئەمایلۆید کاردەکات و رێگری لە پووکانەوە خانەکانی مێشک دەکات، چونکە لەگەڵ بەساڵاچووندا خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەبێت.
 
ئەم دەرمانە نوێیەی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر لەلایەن کۆمپانیای ئێلی لیلیی ئەمریکییەوە بەرهەمدەهێندرێت و دەزگاکە ساڵی رابردوو دەرمانێکی هاوشێوەی ئەم دەرمانە نوێیەی پەسندکرد بە ناوی 'Leqembi' و تائێستاش بەکاردەهێندرێت، هاوکات تاقیکردنەوەکان لەسەر دەرمانی Donanemab بەردەوامە و پسپۆڕان پێشبینیدەکەن، تاوەکو 2025 بە فەرمی بەردەستبێت، چونکە دەزگاکە گڵۆپی سەوزی بۆ پەسندکردنی داگیرساندووە.
 
نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بەربڵاوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، هەروەها شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن، تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ئەم هۆکارانە دەشێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زیادبکەن؛ 
 
- خواردنەوەی کحول
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- کەمیی ڤیتامین D
- شەکرە
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- خەمۆکی
- قەڵەوی
- بەساڵداچوون
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە