پسپۆڕێک: شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکانی مەمک هۆکارێکی درەنگ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکە

12-08-2024
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی تیشک و سۆنەر رایدەگەیێنێت، نابێت بەبێ راوێژی پزیشک بۆ پشکنینی مەمک راستەوخۆ پشکنینی MRI بکرێت؛ هۆکارەکەشی رووندەکاتەوە.
 
د. نیگار حەوێزی، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر بە رووداوی گوت، شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکانی مەمک هۆکارێکی درەنگ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکە.
 
هەروەها ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ ئەوەی لە قۆناخە زووەکاندا شێرپەنجەی مەمک دەستنیشانبکرێت، پێویستە بایەخ بە خودپشکنینی مەمک بدرێت.
 
دەقی وەڵامەکانی د. نیگار حەوێزی، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر لەبارەی پشکنینی شێرپەنجەی مەمک و تیشک و سۆنەر؛
 
رووداو: زۆرینەی ئەوانەی دێن سۆنەر دەکەن یاخود پشکنینی تیشکیان بۆ دەکەن بۆ شێرپەنجەی مەمک، چ نیشانەیەکیان هەیە؟
د. نیگار حەوێزی: زۆرینەی ئەوانەی کە دێن پشکنینی مەمکیان بۆ دەکەین ئازار و سووربوونەوەیان هەیە یاخود هەست بە گرێ لە مەمکیان دەکەن.
 
رووداو: لە رووی رواڵەت و شێوەوە، چۆن گرێی شێرپەنجەیی لە گرێی ئاسایی لێک جیابکرێتەوە؟
 
د. نیگار حەوێزی: بەشێوەیەکی گشتی گرێی ئاسایی نەرمترە و لەکاتی دەستلێدان دەجووڵێت و رەق نییە بەراورد بە گرێی شێرپەنجەیی، هەرچەندە هەندێک گرێ بە تیشک و سۆنەر دەرناکەوێت کە شێرپەنجەییە یاخود ئاسایی، ناچاردەبین شانەزانی و چاندنی بۆ بکەین کە پێی دەڵێن ''زەرع''.
 
رووداو: ئایا پشکنینی وەرگرتنی نموونەیەک لە شانە بۆ چاندن یاخود ''زەرع'' هەمیشە مەترسیدارە؟
 
د. نیگار حەوێزی: مەرج نییە هەمیشە پشکنینەکە بۆ گرێیە مەترسیدارەکان بێت، چونکە ''زەرع'' بۆ دڵنیابوونەوەیە لە هۆکاری دروستبوونی گرێ و زانینی سەرچاوەکەی تاوەکو دەستنیشانی کێشەکەی پێبکرێت، چونکە هەندێک گرێ تەنیا بەم رێگەیە دەستنیشاندەکرێن.
 
رووداو: ئەو ئامادەکارییانە چین کە پێویستە پێش پشکنینی MRI نەخۆش بیکات؟
 
د. نیگار حەوێزی: نابێت نەخۆش ئەم پشکنینە بەبێ راوێژی پزیشک بکات، چونکە زۆرجار بۆ ئەو گرێیانەی مەمک کە بە پشکنینی مامۆگرافی دەرناکەون، بە MRI دەستنیشانیان دەکەین.
 
- ئەو پشکنینە بۆ شێرپەنجەی مەمک لە سەرەتای سووڕی مانگانە بکرێت باشترە واتە لە نێوان رۆژی پێنجەم تاوەکو رۆژی چواردەمی سووڕی مانگانەدا، چونکە مەمک لەو ماوەیە باشتر دەبینرێت و ئاسانتر کێشەکانی دەستنیشاندەکرێن.
 
- یەک بۆ چوار کاژێر پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە نەخۆش هیچ خۆراک و خواردنەوەیەک نەخوات و نەخواتەوە.
 
- کاژێرێک پێش پشکنینەکە لە تاقیگەکە بێت، چونکە مادەیەکی رەنگداری پێدەدرێت بۆ ئەوەی تیشکەکە بە جوانی دەربچێت.
 
- نابێت نەخۆش کەلوپەلی جوانکاری، زێڕ و زیوی پێوەبێت و ئەوانەشی کە ئامێری دڵی دەستکرد یاخود پارچەی ساچمە لە جەستەیان دا هەیە، پێویستە پزیشکەکە ئاگاداربکەنەوە.
 
رووداو: ئایا مانگی چەند جار ئاساییە پشکنینی MRI بکرێت، یاخود مانگی چەند جار ئاساییە پشکنینی CT-Scan بکرێت و زۆر ئەنجامدانیان دەبێتەهۆی چی؟
 
د. نیگار حەوێزی: چەند جار پشکنینی MRI بکرێت ئاساییە، چونکە لەرەی موگناتیسی بەکاردێت تیایدا، بەڵام CT-Scan بەهۆی ئەوەی کە مادەی تیشکاوەری تێدا بەکاردێت، نابێت زۆر ئەنجامبدرێن و پزیشکان پێویستە رەچاوی ئەمە بکەن.
 
رووداو: بەپێی ئەو کەیسانەی ئێوە دەیانبینن، زۆرینەی ئەوانەی گرێی شێرپەنجەییان لێ دەستنیشاندەکرێت، لە قۆناخی چەندی شێرپەنجەکەدا هەستیان پێکردووە، بۆچی؟
 
د. نیگار حەوێزی: زۆرجار لە قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکەیان دەستنیشانیان دەکەین، بەڵام ئەمانە دەشێت هۆکاربن بۆ درەنگ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک؛
 
- نەبوون و کەمیی هۆشیاریی تەندروستی
- شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکەیان لە مەمک
- چونە لای کەسانی ناشارەزا بۆ دەستنیشانکردن
- ئەنجامنەدانی پشکنینی پێشوەختە و خودپشکنینی مەمک
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە