رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ هەینی سێ کەس لە باشووری کوردستان بە هەورە برووسکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. دوو کەس لەوان لە سنووری قەزای خورماتوو و ئەوەی دیکە لە سنووری زەڕایەن بوو.
جگە لەمانەش، لە سنووری قەزای چۆمان هاونیشتمانییەک بە هەورەبرووسکە بریندار بوو.
بە گوێرەی ناوەندی فریاگوزاریی سەرەتایی نیشتمانی، سووتانی پێست و تێکچوونی دەمارەکان باوترین پاشهاتی مەترسیداری بەرکەوتنن بە هەورەبرووسکە.
ناوەندەکە ئەوەش باس دەکات، پێویستە فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ ئەوانە بکرێت کە بەر هەورەبرووسکە دەکەون، بەتایبەت فریاگوزاریی سەرەتایی سینگەدڵە بووژاندنەوە کە ناسراوە بە CPR.
چۆن خۆت لە هەورەبرووسکە دەپارێزیت؟
* دوورکەوتنەوە لە کەلوپەلی کانزایی
* دوورکەوتنەوە لە شوێنی بەرز
* دوورکەوتنەوە لە شوێنە کراوەکان
* چوونە نێو پەناگەیەک
* بەکارنەهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان
کاریگەرییەکانی بەرکەوتنی هەورەبرووسکە
- تێكچوونی کۆئەندامی دەمار
- ناڕێکیی لێدانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- جەڵتە
- ئیفلیجی
- لەدەستدانی بیستن
- سووتانی پێست



