رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی نیوەی دەرچووانی کۆلێژ و بەشە پزیشکییەکانی دەربڕیوە کە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو دەستبەکارببن، دەشڵێت :"لەهەوڵداین بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو دەرچووانە دابمەزرێندرێن."
ماجید شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"57 هەزار دەرچووی ساڵی خوێندنی 2022-2023ـی کۆلێژ و بەشە پزیشکییەکان لە عێراق هەیە، لەو ژمارەیە وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی تەنیا 29 هەزار کەس داوە."
ماجد شنگالی روونی کردەوە، "ئەوانەی ماون لە هەوڵداین بۆ ئەوەی دابمەزرێندرێن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆداین، چونکە ئەو ژمارەیە ساڵی داهاتوو زیاتر دەبێت."
ئەوانەی دادەمەزرێندرین پزیشک و پەرستار و دەرچووی بەشە پزیشکییەکانی دیکەن. بەشێکیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن. بەپێی ئەو پەرلەمانتارە، عێراق پێویستی بە دامەزراندنی بەشێک لەو دەرچووانەی کۆلێژەکانی دەرمانسازی و پزیشکیی ددان و هی دیکە نییە، ئەو گوتی:"وەکو دامەزراندن عێراق پێویستی بە دامەزراندنی ئەوانە، بەڵام ساڵانە دەیان هەزاریان لێ دەردەچێت."
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، لە پەیجی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند: "هەر ئێستا لەبەغداوە لەگەڵ زیاتر لە پێنج هەزار خۆپیشاندەری دەرچووانی بەشە پزیشکیەکان وەکو بەڵێنمان پێدابوون توانیمان رەزامەندی وەزیری تەندروستی وەربگرین و ئێستا لەهەوڵ و پەیوەندیداین لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان بۆ فشار خستنەسەر وەزارەتی دارایی تا پلەی وەزیفی دامەزراندنەکانیان بۆ دابینبکات."
دەرچووانی ئەو کۆلێژ و بەشە پزیشکییانە پێشتر چەند جارێک لە بەغدا و کەرکووک و شوێنی دیکە خۆپێشاندانیان کرد و داوای دامەزراندن دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ