96٪ی ئەو خانمە دووگیانانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن، دژی کۆرۆنا نەکوتراون

11-01-2022
هونەر سەلیم
A+ A-


رووداو- هەولێر

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگاتە بنکەیەکی کوتان لە لەندەن، بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لەو کەسانە بکات کە هاتوون بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی بەهێزکەر، دەشڵێت پەیامی هەیە بۆ ئەوانەی کە دژی کوتانن و داوادەکات ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن. 

لە جیهاندا کەمپەینی جیاواز لەبارەی ڤاکسین دەکرێن و هەندێكیان دژی دەوەستنەوە، بەشێك لە کەمپەینەکان لەبارەی مەترسییەکانە لەسەر خانمانی دووگیان؛ بەڵام لە سایتی فەرمی حکومەتی بەریتانیا هاتووە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ خانمانی دووگیان گرنگترین رێکارە کە دەکرێت ئەنجامیبدەن بۆ ئەوەی خانمان و کۆرپەکانیان سەلامەت بن.

حکومەتی بەریتانیا رایدەگەیێنێت نزیکەی 96٪ی ئەو خانمە دووگیانانەی لە نەخۆشخانە خەوێندراون پێشتر نەکوتراون دژی کۆرۆنا و ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.

پرۆفیسۆر لیوسی چاپێل، سەرپەرشتیار و راوێژکاری زانستی بەشی تەندروستیی و کۆمەڵایەتی بەریتانیا دەڵێت: "لەنێو هەموو ئەو خانمە دووگیانانەی ساڵی پار لە نەخۆشخانە خەوێندراون، لەو ماوەیەی کە داتامان هەیە لە مانگی سێ تاوەکو مانگی 10، نزیکەی 96.3٪ی ئەو خانمانەی خەوێندراون بەهۆی کۆرۆنا پێشتر ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لەنێویاندا نزیکەی ٣٣٪یان پێویستییان بە چاودێری چڕ، ٣٣٪یان پێویستییان بە پاڵپشتی هەناسەدان هەبووە و بەشێكیان تووشی منداڵبوونی پێشوەختە بوون". 

ئەسما خەلیل، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە زانکۆی لەندەن دەڵێت ئێستا بەڵگەی تەواو هەیە لەبارەی کاریگەرییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ خانمانی دووگیان. 

ئەسما خەلیل، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە زانکۆی لەندەن دەڵێت: "ئێستا داتایەکی گەورەمان لەبەردەستە هی خانمانی دووگیان، لەنێو 300 هەزار خانمی دووگیان کە ڤاکسینیان وەرگرتووە لەماوەی دووگیانییەکەدا، هیچ مەترسییەک لەسەر سەلامەتی ڤاکسین نەبووە، دەزانین کە ڤاکسین هیچ مەترسیی لەبارچوون دروستناکات، هۆکاریش نابێت بۆ لەدایکبوونی پێشوەختەی کۆرپە، نابێتەهۆی بچووکی کۆرپە، بۆیە ئێستا لە دۆخێكی جیاواز و باشترین، بۆ ئەوەی داوابکەین خانمانی دووگیان کوتان بکەن". 

پرۆفیسۆرێكی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە زانکۆی لەندەن دەڵێت ئێستا جگە لە سەلامەتی خانمانی دووگیان، دژەتەنەکان دەتوانن وێڵاش ببڕن و بگەنە کۆرپە، بەمەش کۆرپەکەشیان دەپارێزێت. 

ئەسما خەلیل، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە زانکۆی لەندەن روونیدەکاتەوە: "دژەتەنەکان وێڵاش دەبڕن، بۆیە کۆرپەکەش بەرگری دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، بۆیە پارێزراو دەبێت، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە دژەتەنەکان لە شیرەوە بۆ کۆرپە دەچن، بەمەش کۆرپەکە سەلامەت دەبێت چونکە لە دایکەوە دژەتەن وەردەگرێت". 

حکومەتی بەریتانیا رایدەگەیێنێت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن، دەبێت خانمی دووگیان زۆرتر رووبکەنە کوتان، بۆ ئەوەی لە شەپۆلەکانی ڤایرۆسەکە مەترسیی لەسەریان دروستنەبێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمانەکە. وێنە: US Today

FDA هۆشداری دەدات لە دەرمانێکی باوی رەبۆ

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەرمانێکی رەبۆ کە زۆر بەکاردێت، ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دەروونی زیاددەکات؛ هۆشداریش لەبەکارهێنانی دەدرێت.