رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی پزیشکان و شارەزایانی خۆراک، بەرهەمە پڕۆتینییەکان بۆ جەستەی مێردمنداڵان پێویست نین و مەترسیی بۆ گەشەیان دروست دەکات.
نیکۆلا لودلام-رەین، شارەزای بواری خۆراک دەریخستووە، مێردمنداڵان دەتوانن تەواوی پڕۆتینی پێویست لەڕێگەی خۆراکی ئاساییەوە بەدەستبهێنن. هۆشداریدا کە بازاڕی پاودەری پڕۆتین بە توندی چاودێری ناکرێت و رەنگە شەکر، مادەی کیمیایی و هاندەری شاراوەی تێدابێت، دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی هەرسکردن وەک ئاوسانی سک و سکچوون.
د. رامنیک ماتوور، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بەریتانیا ئاماژە دەدات، خواردنی بڕێکی زۆری پڕۆتین لەلایەن منداڵانەوە بارگرانی لەسەر گەدە، جگەر و گورچیلەکان دروست دەکات و مەترسیی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها بەکارهێنانیان وەک جێگرەوەی ژەمەکان، منداڵان لە کانزا و ڤیتامینە گرنگەکانی وەک زینک، کالسیۆم و مەگنیسیۆم بێبەش دەکات کە لە خۆراکی سرووشتیدا بوونیان هەیە.
پسپۆڕان رێنوێنی مێردمنداڵان و خانەوادەکانیان دەکەن بە گرنگیدانی ئەمانەی خوارەوە:
- خۆراکی هاوسەنگ بخۆن وەک (گۆشت، ماسی، هێلکە، شیرەمەنی و دانەوێڵە) لەخۆ بگرێت و بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە پاودەری پرۆتین نییە.
- ئەندامەکانی جەستە بپارێزرێت، خواردنی پڕۆتینی دەستکردی زیاد لە پێویست، گورچیلە و جگەر ماندوو دەکات.
- پێویستە پێش بەکارهێنانی هەر تەواوکەرێکی خۆراکی لە تەمەنی مێردمنداڵی، سەرەتا سیستەمی خۆراکی ئاسایی چاک بکرێت و دواتر راوێژ بە پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک بکرێت.



