رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان و لەیزەر رایدەگەیێنێت، ئەوانەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان بەکاردەهێنن، پێویستە راوێژی پزیشکی پسپۆڕی ددان بکەن، چونکە بەشێکیان هۆکارن بۆ زەردبوونی سپیێتیی ددان.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2023 د. دەریا بەختیار حەیدەری، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە بوولتەنی تەندروستیدا گوتی، مەرج نییە راستەوخۆ بۆ سپیکردنەوەی ددان پەنا ببرێتەبەر لەیزەر، بەڵکو پێویستە بەگوێرەی راوێژی پزیشک بەکاربێت.
د. دەریا حەیدەری دەڵێت: دەرمانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان بەتایبەت چارەسەرە کیمیاییەکانی شێرپەنجە وادەکەن لیک کەمببێتەوە و کەسەکە دووچاری وشکیی دەم ببێت کە ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ زەربوونی ددانەکان.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دەم و ددان پێشنیاز بۆ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان دەکات کە بایەخ بە شۆردنی ددانەکانیان و جوینی بنێشتی بێشەکر بدەن، تاوەکو لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکانیان بپارێزرێن و ددانەکانیان بە سپیێتی بمێننەوە.
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: هەرکەسێک ویستی سپیکردنەوە ددانەکانی بکات، پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و کەسانی پسپۆڕ کارەکەی بۆ بکەن.
لەبارەی بەکارهێنانی لەیزەری ددان د. دەریا حەیدەری دەڵێت: ''لەیزەر تەنیا بۆ سپیکردنەوەی ددان بەکارنایەت، بەڵکو بۆ مەبەستی لابردنی کلۆربوونی ددان و داخوران و بڕینی پووکیش بەکاردێت''.
بە گوتەی حەیدەری، لەیزەر لە لابردنی هۆڵیۆد سمایلیش بەکاردێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پەشیمانبوونەتەوە لە هۆڵیۆد سمایلەکەیان.
دامەزراوەی پزیشکیی ددانی ئەمریکی لە نوێترین راپۆرتیدا رایدەگەیێنێت، بەشێک لە دەرمانەکانی 'نەخۆشییە درێژخایێنەکان، خەمۆکی و هەستیاری' دەکرێت ببنەهۆی گۆڕینی رەنگی ددان.
بە گوێرەی دامەزراوەکە، جگە لە خۆراک و خواردنەوە یاخود شێوازی ژیانی ناتەندروست، بەشێک لە دەرمانەکانیش پەیوەندییان بە گۆڕینی رەنگی سرووشتیی ددانەوە دەبێت، پسپۆڕێکی کۆمەڵەکەش دەڵێت: دەرمانەکانی بەرزەپەستانی خوێن، هەستیاری و خەمۆکی دەکرێت گۆڕانکاریی لە سپێتیی ددان بکەن.
.png&w=3840&q=75)

