رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی وەیک فۆڕێست لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، وەرزشی مامناوەند ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە نۆ هەزار تووشبووی بەرزەپەستانی خوێن کرا و دەرکەوت، هەریەک لە وەرزشەکانی 'شاخەوانی، راکردن، پایسکیلسواری، مەلەکردن و پەت پەتێن' ئەگەر رۆژانە ئەنجامبدرێن ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە لە بەساڵاچووندا کەمدەکەنەوە و یادگەی کەسەکە دەپارێزن.
د. ریچارد کازیبوێ، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ''چالاکیی جەستەیی و وەرزش دەشێت لەگەڵ پاراستنی دڵ و لوولەکانی خوێن، خانەکانی مێشکیش بپارێزن''.
د. ریچارد کازیبوێ دەشڵێت: وەرزشەکان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوەیان 60٪ کەمکردووەتەوە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەری ئەمریکی، شێوازی ژیانی تەندروست وەکو وەرزش و خۆراکی تەندروست بە رێگەیەکی پێشگیریکردنی کاریگەر بۆ لەبیرچوونەوەش دادەنێت.
هەروەها لە وڵاتەکە، زیاتر لە حەوت ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر هەن کە زۆرینەیان کەسانی سەروو 65 ساڵانن.


