تەندروستی
ئەو ساتەی د. حوسام بەرەو تانکەکانی ئیسرائیل دەچێت تاوەکو داواین لێبکات هێرشەکە بوەستێنن - دایکی د. حوسام.
رووداو - تەندروستی
سەرچاوەکانی فەلەستین ئاشکرای دەکەن، دایکی د. حوسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە باکووری غەززە؛ گیانی لەدەستدا، ئەو پزیشکە لە وێنەیەکدا بەوە زیاتر ناسرا کە دوای وێرانبوونی نەخۆشخانەکە بەرەو تانکەکانی ئیسرائیل دەچێت.
بەپێی میدیا فەلەستینییەکان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2025 دایکی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە غەززە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە، هۆکارەکەش بۆ داخ و پەژارەی بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەی دەگەڕێننەوە کە لە رۆژی دەستبەسەرکردنی تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکی نییە.
لە 27ـی مانگی رابردوو هێزەکانی ئیسرائیل دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان و لەکاریان خست، حوسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە تەنیا بەرەو رووی تانکەکان دەچێت و ئەوانیش دەستگیری دەکەن و لەو کاتەدا وێنەیەکی ئەو پزیشکە بڵاودەبێتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، هەوڵیان داوە زانیاری لەسەر پزیشکەکە بزانن، بەڵام هیچیان دەستنەکەوتووە و لە دۆخی تەندروستیی نازانن.
جگە لەمانەش کۆمەڵەی پزیشكی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئیسرائیل (PHRI) رایگەیاندووە، داواکارییان لە دادگەی باڵای ئیسرائیل تۆمارکردووە بۆ ئەوەی شوێنی حوسام ئەبو سەفیە ئاشکرابکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ