رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ڤێتێرنەری پێشنیازدەکات، لە هەرێمی کوردستان توێژینەوە لەسەر نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بکرێت، بۆئەوەی بە وردی سەرچاوەی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئاشکرابکرێت.
رۆژی هەیینی 7-7-2023 لونا خالید دیبەیتێکی لەبارەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون پێشکێشکرد و دکتۆر پێشنیار محەممەد، پزیشکی ڤێتێرنەری و دکتۆر عومەر سوورچی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو ئامادەبوون.
دکتۆر پێشنیار محەممەد، پزیشکی ڤێتێرنەری لەبارەی نەخۆشییەکەوە گوتی، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە گەنەوە بۆ ئاژەڵ و دواتریش بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
دکتۆر پێشنیار دەڵێت: ڤایرۆسەکە بە ناوی کرایمن کۆنگۆیە، بەڵام ئەمەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاوبووەتەوە توێژینەوەی لەسەر نەکراوە کە چ جۆرێکە بۆیە پێشنیاز دەکات ''لە تێزی ماستەر و دکتۆراکاندا توێژینەوەی لەسەر بکرێت''.
ئەم پزیشکەی ڤێتیرنەری دەڵێت: هەر کەسێک ئاژەڵی هەبیت پێویستە جلوبەرگ و پێڵاوی تایبەت بەکاربهێنێت لە کێڵگەکانیان، هەروەها گەنبڕ بەکاربهێنن بۆ لەنێوبردن و کۆنتڕۆڵکردنی مێش و مەگەزەکان.
بە گوتەی دکتۆر پێشنیار، کابانی ماڵ دەبێت راستەوخۆ گۆشتی تازەسەربڕدراو 12 بۆ 48 کاژێر لەنێو ساردکەرەوەدا دابنێن، لەپێناو ئەوەی کە گۆشتی ئاژەڵە تووشبووەکە ڤایرۆسەکەی لاوازبێت و ناچالاکبێت.
دکتۆر عومەر سوورچی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: ''ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون ماوەی 80 ساڵە هەیە''.
هەروەها گوتیشی کە ''ئەوەندەی کۆرۆنا مەترسیدار نییە و زۆرینەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون نیشانەیان لەسەر دەرناکەوێت''، هاوکات دەشڵێت: ''سنووری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر لەو شوێنانەیە کە ئاژەڵی لێیە''.
پسپۆڕەکەی هەناو روونی دەکاتەوە، نابێت هیچ بەرکەوتنێک لەگەڵ شلەی کەسی تووشبوو هەبێت، چونکە رێگەی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە..


.png&w=3840&q=75)
