پزیشکانی رادیۆلۆژیی کوردستان: تیشک و سۆنەر تەنیا لەلایەن پسپۆڕی بوارەکەوە بکرێت

05-11-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی پزیشکانی رادیۆلۆژیی کوردستان رایدەگەیێنێت، جگە لە پزیشکی پسپۆڕی تیشک و سۆنەر، هیچ پسپۆڕییەکی دیکە نابێت تیشک و سۆنەر بکات؛ سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەکەش دەڵێت: ''پێشێلکاری زۆر هەبووە''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 5-11-2024 د. سەعید نازم، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی رادیۆلۆژیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە دەمێکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دراوە، بەڵام لەم دواییانە زیاتر پشکنینی تیشک و سۆنەر لەلایەن پسپۆڕی دیکەوە کراوە.
 
د. سەعدی نازم جەخت لەوە دەکاتەوە، ''هەر خولێک بە ناوی فێرکاری و راهێنان بۆ تیشک و سۆنەر بکرێتەوە و لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستی نەبێت، بڕوانامەکەی بەتاڵە و هیچ کەسێک بۆی نییە بەپێی ئەو خولانە تیشک و سۆنەر ئەنجامبدات''.
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەکە، ئەگەر تیشک و سۆنەر لەلایەن پسپۆڕی بوارەکە بکرێت، ئەوا کوالێتیی دەستنیشانکردنەکان و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پڕۆسەکە بەرزدەبنەوە.
 
راگەیێندراوی کۆمەڵەکە لەلایەن لقی سلێمانییەوە بووە و د. عادل عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەکە دەڵێت: ''پێشێلکاری زۆر هەبووە کە لەلایەن پسپۆڕانی دیکەوە تیشک و سۆنەر کراوە''.
 
د. عادل عوسمان دەشڵێت: ''هەر کەسێک تیشک و سۆنەر بکات، دەبێت لەلایەن کۆمەڵەی رادیۆلۆژیستانی کوردستانەوە تۆمارکرابێت و مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستیشی هەبێت''.
 
راگەیێندراوەکە لەلایەن لقی سلێمانیی کۆمەڵەکەوە بە شێوەیەکە کە دەڵێت، تێبینیکراوە لە هەندێک لە پزیشکانی بەشەکانی دیکەی جگە لە تیشک و سۆنەر، ئامێری سۆنەر لە کلینیکە تایبەت و حکومییەکان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش پێشێلکردنی مافی پزیشکانی تیشک و سۆنەر و پێشێلکردنی مافی نەخۆشەکانیشە، چونکە هەڵە دەکەوێتە دەستنیشانکردنەکەوە و مافی نەخۆش و پسپۆڕانی بوارەکەش پێشێلدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.