تەندروستیی سلێمانی: هەر کەسێک سکچوون و رشانەوەی هەبێت، وەکو کۆلێرا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین

05-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن سکچوون و رشانەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 100 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن کە هەموویان وەکو تووشبووی کۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لە هەڵەبجەش تاوەکو ئێستا کۆلێرا تۆمارنەکراوە و سکچوون و رشانەوە زۆر نییە. لە گەرمیانیش سێ تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون.
 
رۆژی سێشەممە، 05-09-2023، د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە زیاتر لە 100 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و نزیکەی 30 بۆ 40 کەسیان دەخەوێنرێن. تەنیا مانگی ئاب، هەزار و 100 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە."
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی، تاوەکو ئێستا 10 تووشبووی کۆلێرا لە بەغداوە پشتڕاستکراوەتەوە و دەشڵێت، "دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی ئەوان پۆزەتیڤ بوو ئاگادار کراینەوە کە نەخۆشی کۆلێرا هەیە بۆیە هەموو ئەو کەسانەی سکچوون و رشانەوەیان هەیە وەکو کۆلێرا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."
 
لەبارەی بارودۆخی تەندروستی ئەو کەسانەی سکچوون و رشانەوەیان هەیە، د. هێرش سەید سەلیم دەڵێت، "هەموو جۆرەکانی تێدایە، هەیە تەندروستی باشە و هەیە خراپ، بەڵام بە گشتی ئەوانەی دەخەوێندرێن تەندروستییان خراپە". 
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو بۆ سێ حاڵەتی کۆلێرامان هەیە کە لە بەغداوە پشتراست کراونەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە حاڵەتەکان زۆر لەوە بەرزترە هەموو ئەوانەی بە سکچوون و رشانەوە داخیل دەبن دەیاننێرین بۆ پشکنینی سکچوون و رشانەوە ئەگەر گومانکرا دەنێردرێت بۆ تاقیگەی مەرکەزی سلێمانی لەوێی گومانەکە بەهێزتر بوو، دەنێدرێت بۆ بەغدا بۆ پشکنینی کۆلێرا."
 
هەر ئەمڕۆ، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەشڵێت، "رۆژانە زیاتر لە 550 کەس سەردانی بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەکەمان دەکات و لەوانەیە 250 بۆ 300 سکچوون و رشانەوە بێت و رۆژانە 90 تاوەکو 110 داخڵ دەبێت."
 
هاوکات، دکتۆر ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تووشبووی سکچوون و رشانەوە هێندە زۆر نییە کە باس بکرێت و هیچ تووشبوویەکی کۆلێراش تۆمارنەکراوە، پشکنینیش بۆ ئاوی بیرەکان و پڕۆژەکانی ئاو کراوە و دەرکەوتووە ئاوی هەڵەبجە پاکە، بەخۆی ئەو نەخۆشییەش لەرێگەی ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 03-09-2023، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رۆژی شەممەوە تاوەکو یەکشەممە، لە کۆی دەستنیشانکردنی 49 سکچوون، دوو کەسیان تووشبووی کۆلێرا بوون و له‌ نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵا له‌ كه‌لار خه‌وێندراون. بەوەش ئێستا سێ تووشبوو راگەیێندراوە."
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، 43 نەخۆش کە سکچوونیان هەیە له‌ بەشی نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵا خەوێندراون كه‌ 40 له‌و نه‌خۆشانه‌ منداڵن و سێ تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.