رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژینگە و مامۆستایەکی بەشی زانست و ژینگە لە زانکۆی سەلاحەدین رایدەگەیێنێت، پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر بەردەوامە و شێداری و گازی یەکە ئۆکسیدی کاربۆن سەرچاوەی سەرەکیی دووکەڵە سپی و خۆڵەمێشییەکەی {ئەمڕۆ}ـی بەرگەهەوای هەولێرە.
ئەمڕۆ دووشەممە 4-11-2024 د. سیراج محەممەد، مامۆستا لە بەشی زانست و ژینگە لە زانكۆی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، ئێستا هەوای سەر رێگەی گوێڕ بە کەڵکی ژیان نایەت و کوالێتییەکەی زۆر خراپە، لەبارەی تەمە خۆڵەمێشییەکەی نێو شاری هەولێر دەڵێت: ''زۆرترین گازی یەکە ئۆکسیدی کاربۆنی تێدایە''.
د. سیراج محەممەد دەڵێت: خراپی لە سووتانی سووتەمەنییەکان وادەکات گازی یەکە ئۆکسیدی کاربۆن لە کارگە، ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان زیاد دەربدرێت و بەهۆی شێداریی کەشەکەوە رەنگی سپی و مەیلەو خۆڵەمێشی دەربکەوێت {وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرگەهەوای هەولێردا بینراوە}.
ئەوەش باسدەکات کە ''خۆشبەختانە ئەو پیسبوونەی ئێستا لە هەوای هەولێردا بەدیدەکرێت بۆ کەسی ئاسایی بەراورد بە وەرزی هاوین زیانی کەمترە، بەڵام کاریگەریی لەسەر گرووپە مەترسیدارەکان دەبێت''.
هەر ئەمڕۆ د. سەنگەر جاف، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی گوتی، ئەو چینە پیسەی هەوا بۆ گرووپە مەترسیدارەکان خراپە و دۆخی تەندروستییان تێکدەدات، گرووپەکانیش ئەمانەن؛
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان
- تووشبووانی رەبۆ
- تووشبووانی شێرپەنجە
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- منداڵی خوار 5 ساڵان
- خانمانی دووگیان
بۆ خۆپاراستن لە هەوای پیس، ئەمانە جێبەجێبکرێن؛
- بەکارهێنانی دەمامک
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی لووت
- نەچوونە دەرەوە لەکاتی خۆڵبارین
- چاندنی دار
- پشکنینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل
- بایەخدان بە شۆردنی دەم و چاو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ