پسپۆڕێک: ئێستا بەشێکی هاوژینان بەهۆی قەڵەوییەوە نەزۆکن

04-07-2024
شکار رێبوار
د. سیروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قەڵەوی. وێنە: رووداو
د. سیروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قەڵەوی. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی قەڵەوی و کێشڕێکی رایدەگەیەنێت، 15٪ـی هاوژینان نەزۆکن و قەڵەوی هۆکارێکی سەرەکییە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024 د. سیروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قەڵەوی لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، قەڵەوی بەجۆرێک هۆرمۆنەکانی جەستە تێکدەدات کە لەنێو پیاواندا هۆرمۆنی خانمان بەرزدەکاتەوە و هۆرمۆنی پیاوانە ''تێستۆستیڕۆن'' نزمدەکاتەوە.
 
د. سیروان عەبدوڵڵا دەڵێت: ''چەوریی سەر جگەر و دەوروبەری ورگ هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆن کە ئەمەش توانای سێکسی کەمدەکاتەوە، بەمەش ئەگەری نەزۆکبوون زیاددەبێت''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. سیروان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، وەرزش و خۆراک دوو دووانەن کە پێویستە هەردووکیان هەبن بۆ دابەزاندنی کێش و پێشگیری لە قەڵەوی.
 
قەڵەوی پرسێکی سەرەکییە لەبەردەم قەیرانی تەندروستیی جیهان، نوێترین توێژینەوە لەبارەیەوە ئاشکرای دەکات، ئەگەر شێوازی ژیانی تەندروست هەبێت، ئەوا قەڵەویی بۆماوەیی پێشگیری لێدەکرێت.
 
بە گوتەی پسپۆڕانی خۆراک، ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
 
- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدرێت.
- بایەخ بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان بدرێت.
- پڕۆتین لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی بەدەستبهێندرێت.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- بەهێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
- دوورکەوتنەوە لە کحول، جگەرە و نێرگەلە
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە