رووداو - تەندروستی
ئەگەر منداڵی ناوەندیی خێزانەکەت بیت، ئەوا بەپێی توێژینەوەیەکی کەنەدی، ئەگەری زۆرە کەسێکی راستگۆتر و هاوکارتر بیت لە خوشک و براکانت.
توێژینەوەیەکی زانکۆی برۆکی کەنەدی لەسەر زیاتر لە 700 هەزار کەس ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، منداڵانی ناوەند (ئەوانەی خوشک یان برایەکی گەورەتر و یەکێکی بچووکتر لە خۆیانیان هەیە) خاوەنی کەسایەتییەکی ئەرێنی، راستگۆ و خۆگونجێنترن، بەو مانایەی کەمتر مەیلیان بۆ فێڵکردن و بێزارکردنی کەسانی دیکە هەیە و هەستی لێبوردەیی و هاوکارییان زۆرە.
مایکل ئاشتۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەم تایبەتمەندییانە لەو منداڵانەدا بەهێزترن کە لە خێزانی قەرەباڵخدا گەورە بوون، چونکە ناچاربوون زیاتر فێری هاوکاریکردن بن لەبری بیرکردنەوە لە خواستە تاکەکەسییەکانیان.


