رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆنسوڵخانەی چین دەڵێت، نیگەرانن لەوەی شامپۆیەکی چینی کاریگەری خراپی لەسەر بەکارهێنەران هەبووە و ئامادەی هاوکاریکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکانن بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سەرچاوەی هاوردەکردنەکەی.
شامپۆکە ناوی "Brimles Herbal-Bubble"ـە. لە سەرەتاکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ یەکەم قوربانیی دەستی شامپۆکە ئاشکرابوو کە هەستیاریی پێست و ئاوسانی دەموچاوی بۆ دروستکردبوو. ئەو کەسە خەڵکی سلێمانی بوو.
گوتەبێژی کۆنسوڵخانەی چین لە لێدوانێکدا کە بۆ رووداوی ناردووە دەڵێت، "هاوسۆزیی خۆمان بۆ بەکارهێنەرانی ئەو بەرهەمە دەگەیێنین و نیگەرانی خۆمان لەم رووداوە دەردەبڕین."
کۆنسوڵخانەکە دەشڵێت، "ئامادەین هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەمەبەستی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری لەبارەی ئەنجامی پشکنینی کوالێتی."
دوای کاردانەوەکانی بەکارهێنانی شامپۆکە لە مانگی شوبات، لە چەند رۆژی رابردوودا قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، شامپۆکە "شیاوی بەکارهێنان نییە و مادەی مەترسیداری تێدایە."
28ـی ئاداری 2024 لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەنجامی ئەو پشکنینانەیان راگەیاند کە بۆ ئەو جۆرە شامپۆیە کردبوویان و گوتیان، "مادەکانی هایدرۆجین پێرۆکساید و رێژەی تفتی و ترشێتییەکەی ستاندار نییە، کە ئەمەش هۆکارە بۆ تووشبوون بە هەستیاریی تووند و چەندین کاریگەریی لاوەکیی مەترسیدار."


.png&w=3840&q=75)
