هەموو شتێک دەربارەی "دەوران"ی سەڵاحەدین دەمیرتاش

05-10-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەلاحەدین دەمیرتاش
A+ A-

ئا: ئەدەب و کولتوور

دەوران کتێبی دووهەمی دەمیرتاشە، لە 14 چیرۆک پێکهاتووە و فەرهاد چۆمانی لە تورکییەوە کردوویەتی بە کوردی، لە ڕووی هونەری نووسینی چیرۆکەوە لەچاو سەحەر بە توانایەکی کامڵتر و لەڕووی بونیادی چیرۆکەوە تۆکمەترن. دەمیرتاش هەنگاوێکی تر لەوە نزیکبووەتەوە وەک نووسەرێکی کارامە بنووسێت. ئەم کتێبە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە لایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.


فەرهاد چۆمانی، وەرگێڕی کتێبەکە بە (ئەدەب و کولتووری ڕووداو)ی گوت: "دیسان لە زیندان چیرۆکەکان ئازاد دەبن. یەک بە دوای یەک دێنە دەرەوە و وەک پەیامێکی مرۆڤانە و  بگۆی ناسۆر و خەمی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی زیندانیش لە زیندانێکی گەورەتردان، کە ئەویش چوارچێوەی ئاسنینی حوکمی دەسەڵاتی دەوڵەتە لە تورکیا بە درێژایی مێژووی ئەو کۆمارە."

گوتیشی: "دەمیرتاش بۆ من میناکێکی بەرز و جوانە لە بەرخودان، لە بەرەنگاربوونەوە و یاخیبوون. لە وەستانەوە لە دژی ستەم، نموونەیەکی باڵای سیاسییە کە دەتوانێ بە ئەخلاقێکی بەرزەوە سیاسەت بکات و بە خەیاڵ و ئەندێشە و زمانێکی بەرزیشەوە دەقی ئەدەبی بنووسێ. ئەمە لەو نموونانەیە کە لای خۆمان ئەستەمە سیاسیی وەها بدۆزیتەوە هەردوو بوارەکە بە ئاکارێکی بەرز و ئەمەکدارییەوە بکات."

ئەمە دووەم کۆمەڵە چیرۆکی سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە لە زیندان نووسیونی و کۆمەڵەی یەکەمی "سەحەر" بوو کە هەر لەلایەن فەرهاد چۆمانییەوە کرابوو بە کوردی.

"خوێنەران چاوەڕوانییەکی زۆریان هەبوو تا دەوران بە وەرگێڕانی من بڵاودەبێتەوە، بۆ ئەمەش سوپاسیان دەکەم، ئێستا کە بڵاو دەبێتەوە هەر دانەیەک لەو کتێبە لە دڵەوە دیاریی منە بۆیان. سوپاسی متمانە و سەلیقەیان دەکەم. چاوەڕوانی کاری تریشم بن بەم زووانە." فەرهاد چۆمانی وایگوت.

دەشڵێت: "ناوەڕۆکی چیرۆکەکان دیسانەوە پڕیەتی لە کارەکتەری ئاسایی بە خەم و کۆڤانی زۆرەوە، ئەوانەی سیزیفئاسا دەژین، لکەی مەینەت و نەهامەتیی ژیان چوار وەرزە بە سیما و بەدەنیانەوەیە و شەکەتی دەستی نادادین، لە هەموو چیرۆکەکانیشدا بە ڕوونی دیارە کورد لەکوێی کارەکانی دەمیرتاشدایە."

دەمیرتاش لە چواری تشرینی یەکەمی 2016 لە تورکیا دەستگیرکرا و تا ئێستا ئازاد نەکراوە. چۆمانی گوتیشی: "من بە ماوەیەکی زۆر کەم وەرگێڕانەکەم تەواو کرد، بەڵام بە هۆی ڕێکارەکانی وەرگرتنی ڕێپێدان لەلایەن نووسەر و دەزگای ئیلەتیشم-ی تورکییەوە دواکەوت. ئێستا ئەو چاپەی بە وەرگێڕانی من و لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە بڵاودەبێتەوە، دەقە ڕێگەپێدراو و یاساییەکەیە و هەر دەزگایەکی تر چاپی کردبێت یان چاپی بکات بە ساختە و نایاسایی دادەنرێ."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە