رووداو دیجیتاڵ
ئوسامە جەمیل، نووسەر، ئەکتەر، دەرهێنەری دراما و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، بۆ یەکەمجار رۆمانێک بە ناوی "قوماش" چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2026 ئوسامە جەمیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم رۆمانە باس لە گەنجێكی كوردی ساڵانی هەشتاكانی سەتەی رابردوو دەکات؛ عاشقی كچێک دەبێت و دەیەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، بەڵام رووبەڕووی كۆمەڵێک بەربەستی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەخت دەبنەوە. هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پێکگەیشتن دەدەن، بەڵام بەربەستەكان هێندە گەورەن، دووچاری کێشەی گەورەی وەک راوەدوونان، گیران و رۆژگاری سەختی بەندیخانەشیان دەكاتەوە."
ئوسامە جەمیل دەڵێت تاوەکو ئێستا سێ رۆمانی نووسیوە، بەڵام ئەمە یەکەم رۆمانیەتی چاپ دەکرێت. گوتیشی رۆمانەکە لەلایەن ناوەندی ئاشتی چاپ دەكرێ و رەنگە لە داهاتووشدا هاوكاری زیاتریان هەبێت و نووسەر زۆربەی بەرهەمەكانی لەوێ چاپ بكات.
لەبارەی لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەوە، ئاشتی شێرکۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی ئاشتی لە هەولێر بە رووداوی گوت: "لە ناوەندەکەماندا، لە چاپکردنی کتێب بەردەوامین و ئێستا زۆر گرنگی بە کتێبی نووسەرانی کورد دەدەین."
ئاشتی شێرکۆ روونیکردەوە، "ئەو رۆمانەی مامۆستا ئوسامە جەمیل یەکەم جارە چاپ دەکرێت؛ وەک جیهانبینیی خۆمان، پێمان باشە لە هەموو پێشانگە نێودەوڵەتی، کوردی و نێوخۆییەکان چەند ناونیشانێکی نووسەرانی کوردمان هەبێ و ناونیشانەکانیش نوێ بن."
لەبارەی کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی ئاشتی گوتی، بە نیازن لە رۆژی 21-10-2026 لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاوی بکەنەوە. دەشڵێت: "رۆمانەکە 574 لاپەڕەیە و بە تیراژی هەزار دانە لە چاپخانەی تاران و شاری تاران، چاپ دەکرێت.
ئوسامە جەمیل عەلی، 23ی کانوونی یەکەمی 1965 لەدایک بووە؛ سیاسەتڤان، نووسەر، ئەکتەر و دەرھێنەرێکی کوردە. لە ساڵی 1994 تاوەکو 2000 بەڕێوەبەری رادیۆ و تەلەفزیۆنی یەکگرتوو بووە.
لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2014 لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە. بەر لەوەش لە چەند کارێکی ھونەری وەک ئەکتەر، نووسەر و دەرھێنەر بەشداریی کردووە. لە ساڵی 2002، لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنیی مەمی ئالان بە رۆڵی میر ئێزدین دەرکەوت.
ئێستا زۆربەی نووسینەكانی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكاتەوە؛ نووسەر هەموو بەرهەمەكانی بە بنزاری هەولێرێ دەنووسێ و بڵاودەكاتەوە.


