رووداو دیجیتاڵ
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کتێبێکی نوێی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕا، کە لە نووسینی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیایە و تایبەتە بە شێواز و وانەکانی سەرکردایەتی لە سەدەی 21دا.
کتێبە وەرگێڕدراوەکە بە ناونیشانی "لەبارەی سەرکردایەتییەوە.. وانەکانی سەدەی بیست و یەکەم"ـە و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە لە 320 لاپەڕە، 7 تەوەر و 40 بەشی جیاواز پێکدێت. هێمن هەورامی کتێبەکەی پێشکەش بە گیانی پاکی دایکی (شەوبۆ عەبدوڵڵا) کردووە، کە مانگی رابردوو کۆچی دوایی کرد.
بۆچی تۆنی بلێر و بۆچی ئەم کتێبە؟
هێمن هەورامی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا باسی لە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بەرهەمە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە لە کاتی نووسینی کتێبی پێشووی بە ناوی "حیزبی سیاسی و ستراتیژیی رێکخستن" لە ساڵی 2024، بەدوای نوێترین سەرچاوە و تیۆرییەکانی سەرکردایەتیدا گەڕاوە و ئەم کتێبەی تۆنی بلێر سەرنجی راکێشاوە.
هەورامی روونیکردووەتەوە کە ئەزموونی حوکمڕانیی 10 ساڵەی تۆنی بلێر لە بەریتانیا، هەروەها سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی 1997 دوای ساڵانێکی درێژ لە دوورکەوتنەوەی پارتی کار لە دەسەڵات، لەگەڵ دامەزراندنی پەیمانگەی تۆنی بلێر بۆ گۆڕانکاریی جیهانی کە راوێژ بە سەرکردەکانی جیهان دەدات، وایکردووە تێڕوانینەکانی لەسەر حوکمڕانی گرنگییەکی تایبەتیان هەبێت.
وەرگێڕی کتێبەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی لەم وەرگێڕانە، خستنەبەردەستی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بووە بۆ خوێنەرانی کورد تاوەکو لە پرۆسەی دامەزراوەسازی و سەرکردەسازیدا سوودی لێ ببینن.
هێمن هەورامی دەڵێت: "سەرکردایەتی و سەرکردەبوون بە تەنیا لە بواری دەسەڵاتداری و سیاسەتدا نییە؛ بەڵکو لە قوتابخانە، زانکۆ، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تیمە وەرزشییەکان، میدیا، کۆمپانیاکان، هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم کایەکانی دیکەی ژیاندا پێویستە و دەکرێت ئەم کتێبە وەک خولێکی بەردەوامی سەرکردایەتی بۆ هەموو چین و توێژەکان سوودی لێ وەربگیرێت."

