'مێسیی بەغدا' بەربژێری سێ خەڵاتی 25مین فێستیڤاڵی فیلمی شەنگەهایە

31-05-2023
پەسار فایەق
دەرهێنەر و ئەکتەری سەرەکی 'مێسیی بەغدا'
دەرهێنەر و ئەکتەری سەرەکی 'مێسیی بەغدا'
نیشانەکردن 'مێسیی بەغدا' سەهیم عومەر خەلیفە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگەهای
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی بڵندی سینەمایی 'مێسیی بەغدا' لە چەند فێستیڤاڵێکی سینەماییدا بەشدار دەبێت، گرنگترینیان 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگەهایە و بەربژێری سێ خەڵاتی فێستیڤاڵەکەیە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە، بەربژێری خەڵاتی هەڵبژاردەی میدیا بۆ باشترین فیلم، هەڵبژاردەی میدیا بۆ باشترین دەرهێنەر و هەڵبژاردەی بینەرە لە فێستیڤاڵەکەدا.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگەهای، لە لیستی فێستیڤاڵە (A)ـەکاندایە و بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە کیشوەری ئاسیا دەناسرێت، خولی ئەمساڵی لە 9-18ـی حوزەیرانی 2023 شەنگەهایی چین بەڕێوەدەچێت.
 
'مێسیی بەغدا' هەروەها لە یەکێک لە کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا بەشدارە، ئەویش 63مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زلینە کە گرنگی بە فیلمسازانی گەنج دەدات و چالاکییەکانی لە 1-7ـی حوزەیرانی 2023 لە چیک ساز دەکرێت.
 
جگە لەم دوو فێستیڤاڵە، بڕیارە لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زسیگمۆند ڤیلمۆس بەشدار بێت کە چالاکییەکانی لە 24-28ـی تشرینی دووەمی 2023 لە هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بە بواری وێنەگرتنی سینەمایی.
 
لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرهەمە سینەماییە کە پێشتر وەک کورتەفیلم بەرهەمهاتووە و زیاتر لە 60 خەڵاتی بەدەستهێناوە، لە 5ـی تەممووزی 2023 لە سینەماکانی هۆڵەندا پێشاندەدرێت، هەروەها کۆمپانیای 'تلڤیۆ' مافی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرگرتووە و لە ئەیلوولی داهاتوودا لە یەککاتتدا لە سینەماکانی عێراق، میسر، لوبنان، سعودیە و ئیمارات پێشاندەدرێت و لە تەمموزی داهاتوو لەلایەن بڵاوکرەوەی 'وێنگسایت'ـەوە لە سینەماکانی چین پێشاندەدرێت.
 
سەهیم عومەر خەلیفە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "فیلمەکانی پێشووم بەردەوام بە هەموو ئاسیادا گەشتیان کردووە، بۆیە زۆر دڵخۆشم فیلمەکەم لە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی چین پێشکێش بکەم. بەهیوای ئەوەی بە واتای دەستپێکردنێکی دیکەی نایاب بێت بۆ گەیشتن بە بینەرانی گەورەی ئاسیا".
 
یەکەم نمایشی فیلمی بڵندی 'مێسیی بەغدا'، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێندە لە بەلجیکا بوو کە چالاکییەکانی لە 27 کانوونی دووەم تاوەکو 4ـی شوباتی 2023 لە شاری ئۆستێندەی کەنار دەریایی بەلجیکا بەڕێوەچوو.
 
هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن 'A Team Productions' لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم 'Mitos Film' لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانیش لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن.
 
کۆمپانیای وایلد بۆنچ 'Wild Bunch' کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.
 
ئەحمەد محەممەد، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە کە منداڵێکی نڤیشکانی شاری روومادیی عێراقە، لە 19ـی ئاداری 2023 لە نێو یاریگە لە پاریسی فەرەنسا؛ چاوی بە هەردوو یاریزان و ئەستێرەی جیهانی لیۆنیێل مێسی و کیلیان ئێمباپێ کەوت.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە