رووداو دیجیتاڵ تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر کە لە 17 کەس پێکهاتوون وەک نوێنەری کەلەپوور و هونەری کوردی، بەشداری لە فێستیڤاڵێک نێودەوڵەتی لە پۆڵەندا دەکەن. تیپەکە لە رێی نمایشکردنی هەڵپەڕکێ، مۆسیقا، گۆرانی و جلوبەرگی نەتەوەیی، وێنەیەکی زیندووی فۆلکلۆری کوردستان نیشانی گەلانی جیهان دەدات. تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر، کە یەکێکە لە تیپە رەسەن و مێژووییەکانی هونەری کوردی، دوێنێ بەرەو شاری پۆڵۆک لە کۆماری پۆڵەندا بەڕێکەتوون. سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتی هونەریی تیپەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، لەم ماوەیەدا، ئەندامانی تیپەکە بەشێک لە دەوڵەمەندیی هونەرە میللییەکانی کوردستان بە بینەرانی فێستیڤاڵەکە و گرووپە هونەرییە بەشداربووەکانی دیکە دەناسێنن". فێستیڤاڵەکە لە 17 تاوەکو 24ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. سیروان عوسمان گوتی: "ئەم تیپە لە 17 کەس پێکهاتوون، بەشداریکردنیان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کولتووری کوردی شان بە شانی کولتووری گەلانی دیکەی جیهاندا لە یەک پلاتفۆرمدا دەربکەوێت". بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بڕیارە لە 22ـی مانگ کۆنسێرتێکی سەرەکی لە (Amfiteatr im. Miry Zimińskiej-Sygietyńskiej) لە شاری پۆڵۆک پێشکەش بکرێت. گوتیشی:"لەم مەراسیمەدا، ئاڵای کوردستان لەلای ئاڵای وڵاتانی دیکە دەشەکێتەوە و دەنگی مۆسیقا و هەڵپەڕکێی کوردی دەچێتە سەر شانۆ جیهانییەکان". مێژووی فێستیڤاڵەکە فێستیڤاڵی فۆلکلۆری لە شاری پۆڵۆک مێژوویەکی دێرینی هەیە. یەکێکە لە فێستیڤاڵە ناسراوەکانی پۆڵەندا. لە ساڵانی 1967 تاوەکو 1980 وەک یەکێک لە بۆنە هەرە گرنگەکانی فۆلکلۆری پۆڵەندا بەڕێوەدەچوو. دوای 32 ساڵ پشوودان، لە ساڵی 2012ـدا دووبارە ئەم فێستیڤاڵە زیندوو کرایەوە و بە ناوی (Vistula Folk Festival) درێژەی پێدرا