دەشنێ موراد: بە تامەزرۆیی دەگەڕێمەوە نێو هونەر

30-05-2023
پەسار فایەق
هونەرمەند دەشنێ موراد
هونەرمەند دەشنێ موراد
نیشانەکردن دەشنێ موراد ئەفشین شوکوری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند دەشنێ موراد، دوای دابڕانێک؛ بە بەرهەمێکی نوێ دەست بە کاری هونەری دەکاتەوە و نوێترین بەرهەمی بەناوی 'خوات لەگەڵ بێ' بەشێوەی دوێت لەگەڵ ئەفشین شوکوری، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
دەشنێ موراد و ئەفشین شوکوری تێکستی گۆرانییەکەیان بە هاوبەشی نووسیوە و ئاواز و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن شوکوری کراوە و سیاماک فەقێزادە کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
 
ناسر حەیدەری کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و لە کەناڵی تایبەتی هونەرمەند ئەفشین شوکوری لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
دەشنێ موراد، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، زۆر خۆشحاڵە لە دوای دابڕانێک بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی دێت کە لە پشووی هەفتانە زۆر جار لە ستۆدی ئامادە دەبوو و گوێی لە میوزیک دەگرت و گوێبیستی بەرهەمێکی زۆر تایبەتی ئەفشین شوکوری بوو و داوای لێکرد بە هاوبەشی لەگەڵ بیڵێت، ئەویش بە خۆشحاڵییەوە رازی بوو و سەرەتایەک بووە بۆ دووبارە دەستپێکردنی کارە هونەرییەکانی.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، زۆر تامەزرۆیە بۆ دەستپێکردنی گەشتە هونەرییەکەی لەگەڵ هەوادارانی و کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی ئامادەکردووە کە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و دەیەوێت بە جۆرێک دەستپێبکاتەوە کە هونەرمەندێکی نوێیە.
 
دەشنێ موارد، لە 1986 لە سلێمانی لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، پێشکێشکار، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژینگەدۆستە، لە 1997 لەگەڵ ماڵباتەکەی رووی لە ئەوروپا کردووە و لە هۆڵەندا نیشتەجێبووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا وەک سەماکارێک چووەتە نێو جیهانی هونەر.
 
'هێلا هۆپ' یەکەم بەرهەمی گۆرانی دەشنێ موارد بوو و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئاژانسی فرانس پرێس بە 'شاکیرای کوردستان' ناساندی و خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە بەناوی 'هۆم شیکا واوا' و 'فریشتەی میهرەبانی'.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە