رووداو دیجیتاڵ
لە شاری تورکوی فینلاند، پێشانگەی هونەریی "سەدای کۆتاییەکان" بەڕێوەچوو، تێیدا بەرهەم و بیرۆکەی فۆتۆگرافەر رێوان کاکل خرانەڕوو.
ناوەڕۆکی پێشانگەکە لەبارەی مژاری پەنابەریەتی بوو و دوو مانگ بەردەوام بوو، لە 14ـی تشرینی دووەمی 2024 تاوەکو 12ـی کانوونی دووەمی 2025.
بە گوتی رێکخەرانی پێشانگەکە، لە ماوەی دوو مانگدا دوو هەزار و 323 کەس سەردانی پێشانگەکەیان کردووە.
پێشانگەکە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی هونەری و زانستی بەناونیشانی "کۆتاییەکان - پەناهەندەیی، کات و شوێن" و لەلایەن رێکخراوی کۆنێ پاڵپشتی کراوە.
رێوان کاکل، فۆتۆگرافەرێکیی گەنجی کوردە و لە فینلاند دەژی و بە رووداوی راگەیاند: "سەدای کۆتاییەکان" چیرۆکی پەنابەرییە، باس لەوە دەکات ئەزموونی پەنابەری هیچ کۆتاییەکی هەیە؟ گەر کۆتایی هەیە چییە و چۆنە؟ ئەگەر کۆتایی نییە بۆ؟
بە بڕوای رێوان کاکل پرسی پەنابەری لە جیهاندا بە سیاسی کراوە و گوتی، پەنابەری بووەتە چەمکێکی سیاسی، پارتە سیاسییەکان وەک ئامرێزێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکاری دێنن.
پێشانگەکە؛ وێنە و کەرستەی بەرجەستەکراو لەخۆگرتبوو و گوزارشت بوون لە مژاری پەنابەری.
پێشانگەکە لە گەلەری برینکەلا کرایەوە کە یەکێک لە کۆنترین گەلەرییەکانی تورکویە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ