رووداو دیجیتاڵ
لە بەشی میوزیکی زانکۆی سلێمانی، کۆنسێرتی "رێبەندان" بۆ ئامێرە کوردییەکان بەڕێوەچوو کە لە بری تاقیکردنەوەی کۆژەنی وەرزی یەکەم بوو بۆ خوێندکارانی بەشەکە.
ئامانجی کۆنسێرتەکە زیاتر بۆ ناساندنی ئامێرە کوردییەکانە کە بەناوی گەلانی دیکەوە تۆمارکراون.
رێباز سادق، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە و مامۆستا لە بەشی میوزیکی کۆلێژی هونەرە جوانەکان، بە رووداوی راگەیاند، کورد خاوەنی چەندین ئامێری میوزیکییە، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی کورد دەوڵەتی نییە، بەشێک لەو ئامێرانە بە ناوی گەلانی دیکەوە تۆمارکراون.
25 خوێندکار لە چوار قۆناخی بەشی میوزیکی لە کۆنسێرەتەکەدا بەشداربوون و بەو ئەزموونە دڵخۆشن و ترسیان لە تاقیکردنەوە نەماوە.
روئیا رێکەوت، خوێندکاری بەشی میوزیک بە ئامێری دەف لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوو و گوتی: مامۆستاکانیان لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوون بۆ ئەوەی نمرە بە خوێندکارە بەشداربووەکان بدەن. بیرۆکەکە ئەوە بووە، جگە لە تاقیکردنەوەکە، کۆنسێرتەکە بۆ خەڵکیش بوو.
خوێندکارانی زانکۆ و ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە، ستایشی توانای خوێندکاران و گرنگیدان بە ئاوازی رەسەنی کوردیان کرد.
شڤان عەبدوڵڵا، خوێندکاری بەشی میوزیکی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوو و گوتی: ئەو ئاوازانەی لە کۆنسێرتەکەدا پێشکێشکران، تەمەنیان لە تەمنی ئەو و باوکی گەورەترن و هیوای ئەوەی خواست ئەو ئاوازانە هەر بمێنن.
کۆنسێرتەکە لە سێ پارچە میوزیکی رەسەنی کوردی و کۆژەنییەکی دەف پێکهاتبوو و رۆژی سێشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2025 لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ