رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین پێشاندانی بەڵگەفیلمی سینەمایی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە سعودیە دەبێت و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لەو وڵاتە کێبڕکێ دەکات.
هەڵکەوت مستەفا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڵگەفیلمی سینەمایی 'شاردنەوەی سەدام' لە سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور پێشاندەدرێت و دەبێتە یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە جیهانی عەرەبیدا و خۆیشی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە دوو پێشاندانی لە فێستیڤاڵەکەدا لە 1 و 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 دەبێت و لە بەشی پێشبڕکێدایە.
تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە و مافی بڵاوکردنەوەی لە کوردستان و عێراق هەیە و ترەیلەرەکەیشی بۆ یەکەمجار لە رێگەی رووداوەوە بڵاوکرایەوە.
سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دەریای سوور لە 30ـی تشرینی دووەم تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە جەدەی سعودیە سازدەکرێت، ئەمەش دوای ئەو کرانەوە کولتووریەی ئەو وڵاتە دێت و لە زۆربەی شارەکان فێستیڤاڵی هونەری سازدەکات.
بەڵگەفیلمەکە بە ئامادەبوونی دەرهێنەری فیلم، ئێوارەی یەکشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئۆسلۆی نەوریج پێشاندانێکی تایبەتی بۆ کرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە فیلمساز، هونەرمەندان و هۆگرانی فیلم ئامادەبوون.
بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا بوو کە یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمە لە جیهاندا.
'شاردنەوەی سەدام' چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ، سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
بەڵگەفیلمەکە، شەوی دووشەممە، 13-11-2023 لە بەشی 'Frontlight'ـی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەڵگەفیلمی ئێدفا پێشاندرا و دەرهێنەری فیلمەکە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو.
هەڵکەوت مستەفا کە لە نەرویج دەژی و زیاتر لە 10 ساڵە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکەیە، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئامانج لە بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگە فیلمە گێڕانەوەی چیرۆکی راستەقینەی ئەو چاڵەیە بۆ جیهان کە سەدام حوسێن تێیدا دۆزرایەوە. تەنیا یەک کەس دەتوانێت ئەو چیرۆکە بگێڕێتەوە، ئەویش ئەو کەسەیە کە خۆی چاڵەکەی بۆ سەدام هەڵکەندبوو".
هەر بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەوە لە ئیدفا، وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج راگەیێندراوێکی بڵاوکردبووەوە، تێیدا پیرۆزبایی لە دەرهێنەری فیلمەکە کردبوو و ئاماژە بۆ ئەوەکرابوو، چاوەڕوان دەکەن 'شاردنەوەی سەدام' دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و سەرنجی رەخنەگرانی سینەما بۆ خۆی رابکێشێت.
'شاردنەوەی سەدام' تاکە فیلمی دەرهێنەری کورد بوو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەمستردام - ئێدفا کە چالاکییەکانی لە 8-19ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
هەڵکەوت مستەفا لە 2016 بە فیلمی سینەمایی 'کلاسیکۆ' توانی ناوبانگییەکی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێت و فیلمەکەی زیاتر لە 56 وڵات بڵاوکرایەوە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.
لە 20ـی ئازادری 2023 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام دەستپێکرد و رۆژی 9-4-2003 بەغدا کۆنترۆڵکرا و بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات. سەدام دیار نەما، بەڵام رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمی 2003 لە لایەن هێزێکی ئەمریکییەوە لە چاڵێک لە پارێزگای تکریت دۆزرایەوە و لە 30ـی ئاداری 2006 لەسێدارەدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ