رووداو دیجیتاڵ
شانۆیی 'بێتاوانی و سزا' دەبێتە نوێترین بەرهەمی کۆڕی شانۆی 'با' کە مساڵ پێشکێشی دەکات، دەقە شانۆییەکەی بەرهەمێکی بەختیار عەلی، نووسەر و رۆمانووسە.
رێژەن جەمال، دەرهێنەری شانۆییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: 'بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان' یەکەم دەقی شانۆیی بەختیار عەلییە و بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆڕی شانۆی 'با'ـەوە دەخرێتەسەر تەختی شانۆ و بە ناونیشانی 'بێتاوانی و سزا' پێشکێش دەکرێت و چەندین ئەکتەری بە توانای شاری سلێمانی رۆڵی تێدا دەگێڕن.
رێژەن جەمال، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە لە قۆناغی ئامادەکردندایە و بڕیارە لە ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی نمایش بکرێت، ئەوەش دووەم بەرهەمی شانۆیی گرووپی کۆڕی شانۆی 'با'یە کە لەمساڵدا نمایشبکرێت، هاوکات ئەم بەرهەمە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بە هاوکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەرهەمدێت.
لەبارەی چیرۆکی کارەکە دەرهێنەری بەرهەمەکە روونیکردەوە، مستەفا، فەرمانبەرێکی ئاساییە، لە کاتێکدا لە دەوامی رۆژانەی خۆی دێتەدەرەوە، لەلایەن دەزگایەکەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەبرێتە زیندان. کاتێكیش مستەفا پرسیار دەکات ئاخۆ لەسەر ئەوە گیراوە کە تاوانبارە؟ بەرپرسانی دەزگاکە بۆی رووندەکەنەوە ئەو لەسەر بێتاوانی گیراوە، هیچ هاووڵاتییەك نابێت هەست بە بێتاوانیی بکات، بۆیە مستەفا ناچار دەکرێت تاوانێك بۆخۆی بدۆزێتەوە، هەر خۆیشی شایەت بۆ تاوانەکەی پەیدا بکات، لە کۆتایشدا هەر خۆی جۆری سزاکەی دیاریی دەکات".
لەلایەکی دیکەوە شانۆنامەی 'میوانێک لەسەر زەمینی دوورەوە' لە نووسینی بەختیار عەلی، لەلایەن راڤیار نەوزاد کاری دەرهێنانی بۆ دەکرێت و لەژێر ناوی 'میوانێکی دوور' لەسەر تەختی شانۆ لە سلێمانی پێشکێش دەکرێت.
لە 17ـی شوباتی 2023 لە شاری ڤیزبادنی ئەڵمانیا شانۆیی 'داگیرکردنی تاریکی' نمایشكرا کە دەقەکەی لە رۆمانێکی بەختیار وەرگیرابوو و عەلی ئیحسان عوسمان، دەرهێنەری شانۆیی کورد کاری دەرهێنانی بۆ کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ