بۆ یەکەمجار سەنا بەرزنجە لەڕێگەی رووداو چەند نهێنییەک لەبارەی خۆی و هونەرەکەی ئاشکرا دەکات

27-05-2022
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
نیشانەکردن سەنا بەرزنجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەنا بەرزنجە لە ماوەیەکی کەمدا توانی ببێتە یەکێک لە ناوە درەوشاوەکانی نێو هونەری میوزیک و گۆرانی کوردی، بەرهەمەکانی بڵاودەکردەوە و خۆی دەرنەدەکەوت، یەکەم دەرکەوتنیشی لە کۆنسێرتێک بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ئامادەبوون. سەنا بۆ یەکەمجار لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ رووداو قسە دەکات و چەند زانیاری و نهێنییەک لەبارەی خۆی و هونەرەکەی ئاشکرادەکات.
 
ئەم هەڤپەیڤینە لە رۆژی پێنجشەممە 26-5-2022 لەڕێگەی نامەی دەنگییەوە لەگەڵ هونەرمەند سەنا بەرزنجە ئەنجام دراوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ هونەرمەند سەنا بەرزنجە 
 
رووداو: سەنا کێیە؟ هەرچەند خۆت ناوت سەنا بەرزنجەیە، بەڵام خەڵک زیاتر بە سانا بەرزنجی دەتناسن؟
 
سەنا بەرزنجە: سەنا کچێکی بەهێزە و توانایەکی گەورەی هەیە، ئاواتی زۆرە، بەتوانایە و هەرشتێکی بوێت دەتوانێت بیکات. ناوی تەواویشم سەنا بەرزنجەیە، هەرچەند بە سانا ناوم لە نێو خەڵکدا رۆیشتووە. ئێمە هەر لە بەرزنجییەکانی سلێمانین، بەهۆی ئەوەی رەگەزنامەکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرهاتووە، لە بری بەرزنجی، بەرزنجە نووسراوە، بۆیە ناوی تەواوم سەنا بەرزنجەیە. 
 
رووداو: یانی تۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی؟
 
سەنا بەرزنجە: باپیرم [باوکی باوکی] بە رەچەڵەک خەڵکی سلێمانییە، بەڵام باوکم سنەییە و دایکیشم سەقزییە. خۆیشم لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 28-3-2001 لە دایکبووم. 
 
رووداو: چەند خوشک و چەند برات هەن؟
 
سەنا بەرزنجە: من تاکە کچی خێزانەکەمم، واتە تاقانەم، بەڵام برایەکم هەیە ناوی سەهەندە، شەش ساڵ لە خۆم گەورەترە و پزیشکە. 
 
رووداو: چۆن بوو بڕیارتدا ببیتە گۆرانیبێژ و کێ پاڵپشتت بوو؟
 
سەنا بەرزنجە: هەر لە منداڵییەوە هۆگری گۆرانیگوتن بووم، کاتێک گۆرانیم دەگوت تەمەنم چوار ساڵ بوو، دایکم و باوکم مامۆستا بوون، کاتێک دایکم دەچوو بۆ دەوام، باوکم بۆ ئەوەی من و براکەم ژیربکاتەوە، گۆرانی بۆمان گوتووە، ئەو گۆرانییە فۆلکۆرییانەی لەمنەوە بیستووتانە، پێشتر باوکم بۆ لاواندنەوەم گوتوویەتی و گۆرانییەکان چوونەتە مێشکمەوە. 
 
وەک ئەوەی خودا منی بۆ گۆرانیگوتن دروستکردبێت و بە دەنگێکی خۆش گۆرانیم دەگوت، باوکم هەر لە چوار ساڵییەوە پێیگوتم دەنگت خۆشە و رۆژانە پێکەوە گۆرانیمان دەگوت، هانیدام تۆنە بەرزەکان بڵێمەوە، باوکم و براکەم زۆر پاڵپشتم بوون لە هونەرەکەمدا، بەڵام باوکم زیاتر.
 
رووداو: شارەزاییت لە ژەنینی چەند ئامێری میوزیکی هەیە و کامەیان لە خۆتەوە نزیکە؟
 
سەنا بەرزنجە: هەشت ساڵە گیتار دەژەنم، هەروەها ئۆکۆردین، پیانۆ و ئیقاعیش دەژەنم، بەڵام زۆربەی کات خەریکی گیتارم و زیاتریش هەستم بۆ گیتار هەیە، چونکە سەنا بە گیتارەوە ناسرا، تێکەڵبوونم لەگەڵ گیتار، وایکرد خەڵک سەنا بناسێت و بچێتە دڵی خەڵکەوە.
 
رووداو: هۆکار چی بوو لە بەرهەمەکانتدا دەرنەدەکەوتیت؟ دواتر چۆن بوو بڕیارتدا دەربکەویت؟
 
سەنا بەرزنجە: لە سەرەتای کارە هونەرییەکانمدا دەرنەکەوتنم پلانێکی پێشوەختە نەبووە، سەرەتا بۆ دڵی خۆم گۆرانیم دەگوت، هیچ کات ئەوەم لە خەیاڵدا نەبوو گۆرانییەکانم بڵاوبکەمەوە و خەڵک حەزی لێبێت، گۆرانییەکانم لەگەڵ ژەنینی ئامێری گیتار دەگوت و بە مۆبایلەکەم تۆمارم دەکردن و لەسەر تێلیگرامەکەم بڵاومدەکردنەوە و ببووە ئەرشیفێک بۆ خۆم. دەمبینی رۆژانە چەناڵی تێلیگرامەکەم زیاتر دەناسرا و گۆرانییەکانم دووبارە بڵاودەکرانەوە و لە ئینستگرام ڤیدیۆیان بۆ دروستدەکرا، ئەوکات هەژماری تایبەتم لە ئینستگرام بۆ کارە هونەرییەکانم نەبوو، دوای ئەوە بیرم لەوە کردەوە، رێگەی هونەر و گۆرانیگوتن هەڵبژیرم، یاخود سەرقاڵی خوێندن بم و نمرەی بەرز بەدەست بێنم و وەک براکەم ببم بە پزیشک، دواجار بڕیارمدا واز لە بیرکردنەوەی خوێندن لە بواری پزیشکیدا بێنم و لە بەشی میوزیکی کۆلێژی هونەر خوێندم. 
 
رووداو: یەکەمجار لە کۆنسێرتێکدا رووخساری خۆتت پیشانی هەوادارانت دا، ئەمە چۆن بوو؟
 
سەنا بەرزنجە: هەستێکی زۆر خۆش بوو لەگەڵ هەوادارانم لە کۆنسێرتێکدا یەکدیمان بینی، یەکەم کۆنسێرتم و گەورەترین کۆنسێرت بوو کە سێ هەزار کەس تێیدا ئامادەبوون، هەستێکی زۆر نایاب بوو، ئەوان منیان نەدەناسی، منیش ئەوانم نەدەناسی، بەڵام خۆشەویستییەکی زۆرمان بۆ یەکدی هەبوو، وەک ئەوەی ساڵانێکە یەکدی دەناسین. 
 
رووداو: کام لە بەرهەمە هونەرییەکانت زۆر لە رۆح و کەسایەتی سەنا بەرزنجەوە نزیک و خۆشەویستە و بووەتە مایەی شانازی بۆت؟
 
سەنا بەرزنجە: بۆ هەموو گۆرانیبێژێک بەرهەمەکانی وەک منداڵەکانی خۆی وایە، چونکە بە هەست و رۆحی خۆی لاواندویەتییەوە، بەڵام بۆ سەنا کاتێک رۆحی خۆمی تێیدا ببینمەوە، گۆرانی ''هەر ئەگەڕێم''ـە. بەڵام ئەگەر شانازی بە گۆرانییەکەمەوە بکەم، شانازی بە گۆرانی ''من ئەو کچەم'' دەکەم، چونکە رێک بەسەرهاتی ژیانم خۆمە، گرتنەبەری رێگەیەک بۆ ئەوەی ببم بە کچێکی سەرکەوتوو هێندە ئاسان نەبوو، زۆر سەختی و ناخۆشیم بینی، ئازار و ئەزیەتێکی زۆرم بینی، بەڵام هەر کۆڵم نەدا و لەسەر بڕیارەکەی خۆم سوور بووم بۆ ئەوەی بگەم بەو شوێنەی دەمەوێت، هەرچەند ئەوەی من دەمەوێت زۆر گەورەترە لەوەی ئێستا، بەڵام، تاوەکو ئێرە هاتووم و لە خۆم رازیم و شانازی بەخۆمەوە دەکەم. 
 
"من ئەو کچەم" بەشێکی بچووک بەسەرهاتی ژیانمی تێدایە و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو و خەڵک زۆر حەزی لێبوو، لەو بڕوایەدابووم خانمان زیاتر حەزیان لەو گۆرانییە بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پیاوان زیاتر حەزیان لێیکرد، بەتایبەت لە کۆنسێرتەکەمدا زیاتر پیاوان دەیانگووتەوە، ئەمەش بۆ من زۆر جێی شانازی بوو.
 
رووداو: بە هونەری کام هونەرمەندی کورد سەرسامیت؟ کاریگەریان لەسەر بەڕێزتان هەبووە؟
 
سەنا بەرزنجە: هەرچەند لە نەوەیەکی نوێم، بەڵام زیاتر گوێ لە بەرهەمی فۆلکلۆری دەگرم، ئەوەی زۆر گوێ لێدەگرم مامۆستا ناسر رەزای، کاک نەجمەدین غولامی و کاک عەباسی کەمەندییە، بەتایبەت مامۆستا عەباس کەمەندی، یەکێکە لە گەورە پیاوەکانە بۆ من، داخ لە دڵم بۆچی بەر لە مردنی نەمتوانی بیبینم، کەسێکی زۆر ئازیز و خۆشەویستە لەلام، بەردەوام لە کۆنسێرتەکانم گۆرانییەکانی دەڵێمەوە. 
 
هەروەها زۆر گوێ لە هونەرمەند قادر دیلانیش دەگرم، چونکە کەسێک بوو ستایلێکی نوێی هێنایە نێو میوزیکی کوردی، زۆر زۆر حەزم لە بەرهەمەکانیەتی، کەسێکی دیکە وەک ئەو نەهاتووە ستایلێکی نوێ دروستبکاتەوە، ناسنامەی قادر دیلان لە هونەردا بۆ من زۆر شتێکی شیرینە، کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرم، ئەو بوێرییە بە منیش دەدات هەوڵبدەم ساتیلێکی ئاوا جیاواز و جوان بۆ کورد دروست بکەم و لە دوای مردنیشم بمێنێتەوە و ببیسترێت.
 
لە خانمەکانیش زۆر گوێ لە خاتووو مەرزییە فەریقی و خاتوو لەیلا فەریقی دەگرم، نموونەی ژنی دەنگخۆشی کوردن.

 

هونەرمەند سەنا بەرزنجە

 
رووداو: سەنا بەرزنجە قۆناخێکی بڕی و ئێستا بەنێوبانگە، بۆ داهاتوو چ جیاوازییەک لە بەرهەمەکانتدا دەبینین؟
 
سەنا بەرزنجە: لە ئەلبووی "راز" لەگەڵ کاک نەڤید زەردی، کاک رەنج سەنگاوی شاعیری بەتوانا، کاک ئەفشین شوکری، کاک ئاریۆس، باوکم کە ناوی خالیدە بەڵام خەڵک زیاتر بە ژیار دەیناسێ، کاک مەجید کازمی، کاک یەدێ شاکری کارم کردووە، دەستخۆشی لە هەر هەموویان دەکەم کە هاوکاری منیان کردووە، بەڵام سەنا ئێستا بۆ خۆی کارەکانی دەکات، ئەو بەرهەمانەی دروستیان دەکات لە ئەستۆی خۆیەتی، لەمەبەدوا سەنایەکی دیکە دەبینرێت، زۆر لە سەنای پێشتر بەهێزترە. دواجاریش سوپاس بۆ ئەو کەسانەی هاوکاربوون لە دروستبوونی سەنا بەرزنجە.
 
رووداو: کار بۆ ستایلێکی تایبەت بە خۆت دەکەیت؟
 
سەنا بەرزنجە: سەنا بەردەوام بۆ یەک چین نەبووە، لەگەڵ گەورە، گەورەیە، لەگەڵ منداڵ، منداڵە، لەگەڵ گەنج، گەنجە، لەگەڵ پیر، پیرە. بێگومان ستایلی کارێک هەڵبژێرم، دەبێت ستایلێکی سەنگین و رەنگین بێت و هەموو کەسێک بتوانێت گوێی لێبگرێت و حەزی لێبکات، بەر لەوەی رووخسارم دەربخەم، بە دەنگ ناسرام و ئەمە بووە ستایلی من، خەڵک ئەگەر یەک وشەی منیش ببیستێت دەزانن بەرهەمی منە، تەنانەت خەڵک لە دەرەوە بە قسەکردنم دەمناسنەوە. بۆیە من زیاتر گرینگی بە شێواز و ستایلی گۆرانیگوتنم دەدەم و هیچ کات لە پێناو زۆربوونی بینەر، کولتووری جوانی کوردی ناخەمە ژێر پرسیارەوە.
 
رووداو: کەواتە کاری نوێت دەبێت؟
 
سەنا بەرزنجە: بەڵێ کارێکی زۆر جوانم بەدەستەوەیە، ئەو ستایلەی لە داهاتوودا دەیگرمەبەر، دڵنیام هەوادارانم حەزیان لێدەبێت. هەرچەند کەمێک سەختە، بەڵام ئامادەسازی بۆ دەکەین، هەوڵدەدەم ساڵانە شتێکی جوان پێشکێش بە هەوادارانم بکەم، ئەوەی گرنگە باسی بکەم، هونەرمەند سەرەتا بەرهەم بۆ خۆی دروستدەکات، ئەگەر لە دڵەوە بەرهەمەکە پێشکێش بکات، خەڵکیش خۆشی دەوێت، بەڵام ئەگەر فۆکەست لەسەر ئەوە بێت گۆرانییەکە بە چ ئاستێک بڵاودەبێتەوە، ئەوکات ئەو فۆکەست لێدەسەنێتەوە کە تۆ بە هەستەوە بەرهەمەکە پێشکێش بکەیت، خەڵک نازناوی "شاژنی هەست"ـیان پێبەخشیوم، دەستخۆشیان لێدەکەم، بەڵام رێک وایە، من تا بەرهەمێکم تەواو هەستمی تێدا نەبێت، هەرگیز بڵاوی ناکەمەوە.

 

هونەرمەند سەنا بەرزنجە

 
رووداو: پێتوایە بە دەنگەکەت هونەری کوردی زیاتر بەرەو پێشەوە ببەی؟
 
سەنا بەرزنجە: هیوادارم کەسێک بم هونەری کوردی بە باشی بەرەو پێشەوە ببەم، لە دوای مردنیشم بە شانازییەوە نەوەکانی داهاتوو گوێم لێبگرن و شانازی بەوە بکەن کچێک بە ستایلێکی جوان بەرهەمی جوانی بۆیان بەرهەمهێناوە.
 
رووداو: پلانی داهاتووت چییە؟ 
 
سەنا بەرزنجە: پلانی داهاتووم، تەنیا ئەوە نییە گۆرانیبێژێکی کورد بم، دەمەوێت ببم بە گۆرانیبێژێکی کوردی جیهانی و خەڵاتی گرامی بەدەست بێنم، جگە لە کوردی، دەمەوێت بە زمانی ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی گۆرانی بڵێم، بەڵام زیاتر سەرنجم لەسەر زمانی ئینگلیزییە، کاتێک توانیم خەڵاتی گرامی بەدەست بێنم، ئەوکاتە ئاواتەکەم بەدی دێ.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە
 
سەنا بەرزنجە: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش، هەر سەرکەوتوو بن. 

 

‌هونەرمەند سەنا بەرزنجە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە